ئێران: رووحانى داوايه‌كى تره‌مپى بۆ كۆبوونه‌وه ره‌تكردووه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌هرام قاسمى رايگه‌ياند، سه‌رۆكى ئێران حه‌سه‌ن رووحانى داوايه‌كى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مريكاى بۆ چاوپێكه‌وتن ره‌تكردووه‌ته‌وه.
گوتيشى: له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌ى گشتى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان، كه مانگى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، دۆناڵد تره‌مپ داوايكردووه، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى تايبه‌ت له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن رووحانى ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها گوتى: لێدوانى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا كه وتبووى رووحانى رازى بووه به كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تره‌مپ راست نييه.
له‌و باره‌يه‌وه پێشتر ئاژانسى هه‌واڵى فارس وتارێكى بڵاوكردبوويه‌وه و تێيدا باسى ئه‌وه كرابوو، كه سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا هه‌وڵى جدى داوه بۆ ئه‌وه‌ى رووحانى و تره‌مپ به‌يه‌كه‌وه كۆببنه‌وه.