كاتی چاككردنەوەی بۆری ئاوی ئیفرازی ھەولێر ئاشكرا دەكرێت

دوو رۆژە بەشێك لە گەڕەكەكانی ھەولێر بێ ئاون

K24 - ھەولێر

بەھۆی شكانی بۆری ئاوی ئیفراز لە نزیك شەقامی 120 مەتری ھەولێر، ماوەی دوو رۆژە زیاتر لە 10 گەڕەكی شاری ھەولێر بێ ئاو بوونە، ئێستا تیمەكانی چاككردنەوە دەستیان بەكاركردووە و كاتی چاككردنەوەی بۆرییەكە و بەردانەوەی ئاویش ئاشكرا دەكرێت.

مەسعود كارەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی كاركردنین بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو گەڕەكانە لە بێ ئاوی رزگار بكەین، لە دوێنێوە دەستمان بەكار كردووە، ئێستا خۆڵمان لەسەر بۆریەكە لاداوە و قۆناخی چاككردنەوەی بۆریەكە دەست پێدەكات، ھەموو كەرەستەی چاككردنەوە ھێنراوە".

گوتیشی: "ھەموو ھەوڵێك دەدەین بە زوویی بۆریەكە چاك بكەینەوە بۆ ئێوارە یان پاش مەغریب ئاو بۆ ماڵەكانی ئەو گەڕەكانە بەربدەینەوە".

ھ.م