داعش لە گوڵاڵە ھێرشی كردە سەر ھێزەكانی عێراق

"لە شەڕەكەدا داعش ھاوەن و دۆشكەی بەكارھێناوە"

K24 - گەرمیان

پەیامنێری كوردستان24 لە گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش لە دەروازەی گوڵاڵە (جەلەولا) ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی عێراق، بە گوێرەی زانیارییەكان كوژراو و بریندار لە ھێزەكانی عێراق ھەیە".

سەرچاوەیەكی سەربازی لە ناوچەكە بە كوردستان24 گوت: "شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە دەروازەی ناحییەی گوڵاڵە و گوندی حوسێنییە، ھیرشێکی بەرفراوان كردە سەر سوپا و پۆلیسی عێراق و ماوەی نزیك لە كاتژمێرێك شەڕی سەخت لەنێوانیان بەردەوام بوو".

ئەو سەرچاوە سەربازییە گوتیشی: "لە شەڕەكەدا چەكدارانی داعش ھاوەن و دۆشكەیان دژی ھێزەكانی عێراق بەكارھێناوە".

راشیگەیاند: "ھێرشەكەی داعش ترس و دڵەڕاوكێی لای خەڵكی ناوچەكە دروستكردووە و شەوی رابردوو، زۆر لە خەڵكی گوڵاڵە خۆیان ئامادەكردبوو كە ماڵەكانیان جێ بھێڵن و بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە بڕۆن".

تا ئێستا سوپا و پۆلیسی عێراق بە فەرمی زانیارییان لەبارەی ھێرشەكەی شەوی رابردووی داعش لە جەلەولا ئاشكرا نەكردووە.

ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو سوپای عێراق لە نێوخاكی سووریا ھێرشی ئاسمانی كردە سەر چەكدارانی داعش.

دوای 16 ئۆكتۆبەری 2017 و بەھۆی كشانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لەناوچە بۆشایی ئەمنی دروستبووە و  لەم ماوەیەدا پاشماوەكانی داعش لە سنووری جەلەولا و كەركووك چەندین جار ھێرشیان كردووەتە سەر حەشدی شەعبی و سوپا و پۆلیسی عێراق.

ھ.م