"بەرھەم ساڵح بۆ پلە و پۆست متمانەی خەڵكی دۆڕاند"

كاندیدێكی ھاوپەیمانی: نەمبیستووە لە دونیا و لە ھیچ شوێنێک سەرۆکێك ھەبێت حزبەکەی جێ بھێڵێت

K24 - ھەولێر

كاندیدێكی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: "بەرھەم ساڵح بۆ پلە و پۆست متمانەی خەڵكی دۆڕاند و نەمبیستووە لە دونیا و لە ھیچ شوێنێک سەرۆکێك ھەبێت حزبەکەی جێ بھێڵێت".

ئیبراھیم ئەحمەد، ھونەرمەند و رۆژنامەنووس كە یەكێك بوو لە كاندیدەكانی ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی باس پەردە لەسەر چەند راستییەكی لەبارەی بەرھەم ساڵح لادەدات و ئاشكرای دەكات، بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكان بە بیانووی ساختەكاری لە بەرژەوەندی بەرھەم ساڵح و چەند كەسێكی دیكە بووە و پێشتر بڕیاری گەڕانەوە ناو یەكێتی دابوو.

ئیبراھیم ئەحمەد، دەڵێت: "لەگەڵ بڕیاری بایکۆتدا ئەوەم زانی کە گەڕانەوەی بەرھەم ساڵح بۆ ناو یەکێتی یەکلا بووەتەوە، لەبەرئەوە کە ھەواڵەکەم بەفەرمی بیست، زۆر لام چاوەڕوانکراو بوو، ھیچ شۆکێکی تیا نەبوو بۆم، بەڵام ئەوە ئاسایی نەبوو بۆ کەسایەتییەکی وەکوو د. بەرھەم، کە لەناو خەڵك جێگەی بڕوا و متمانە بوو، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی 12/5، گوێمان لە قسەکانی بوو کە چەند بە حەماسەوە داکۆکی لە ھاوپەیمانی و درووشمەکانی ھاوپەیمانی و دادپەوەری دەکات، بەڵام ھەموو شتەکان پێچەوانە بوونەوە، لەپێناو دەسەڵات و کورسی نە ھاوپەیمانی ما، نە یەکسانی و نە دادپەوەری، ھیچ شتێک نەما".

 ئەو كاندیدەی ھاوپەیمانی باس لەو كۆبوونەوەیە دەكات كە بەرھەم ساڵح، تێیدا بڕیاری بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنی خستبووە بەردەم ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی و كاندیدەكان و دەڵێ: "راستییەکەی ھەمووان لەو کۆبوونەوەیەدا قسەیان کرد تەنیا من نەبێت، چونکە حەقیقەتەکەم بە باشی بینی و لەو قسانەش تێگەیشتم، زانیم لەپشتی پەردەوە چی روودەدات، چ بەرنامەیەک ھەیە، زانیم شتەکە تەواو بووە، موناقەشە لەسەر شتێك دەکرێ کە مابێت و بڕیاری لەسەر نەدرابێت، تێگەیشتم لەوەی بڕیاری بایکۆت تەنیا بۆ بەرژەوەندیی بەرھەم ساڵح و چەند کەسێکی دیکەیە".

راشیدەگەیەنێت: "لەو بڕیارە دەرکەوت ھیچ حسابێکی بۆ کاندیدەکان نەکردبوو، ئەوەش دیارە لەپێناو چی بوو، چونکە ھەر رۆژی دواتر شتی دیکەمان بیست و رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی بۆ رای گشتی ئاشکرا بوو، دەرکەوت کە بایکۆتکردنی ھەڵبژاردن و وەلانانی ئەو ھەموو خەڵکە دڵسۆزەی ناو ھاوپەیمانی بۆ ئەوە نەبوو کە بەرھەم ساڵح لە کۆبوونەوەکە گوتی: "کە بەشداریمان شەرعییەتدانە بە تەزویر"، بەڵکو روون بووەوە کە نەخێر لەپێناو ئەوە بوو کە د. بەرھەم بەرنامەی گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی ھەبوو، کە لەپێناو کورسیی سەرکۆماری بوو".

ئیبراھیم ئەحمەد، دەشڵێت: "عەیبەیەکی گەورەیە تیایدا متمانە بدۆڕێنیت و پلە و پۆست بەریتەوە، عەیبە سیاسییەك خاوەنی قسەی خۆی نەبێت، ئەوە ھۆکارە کە خەڵک متمانەی بە بەرپرسان نەمێنێت. کەسێکیش جارێک متمانەی دۆڕاند، زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە دروستی بکاتەوە، لای من ھەرگیز متمانە دروست نابێتەوە، خەڵکیش با باجی ئەو دۆریانە بدات، کە ھەندێ لە سیاسییەکان لەپێناو پۆست و پلە و پایە بۆیان دەکەن".

ئەوەش دەخاتەڕوو: "نەمبیستووە، لە دونیا و لە ھیچ شوێنێک سەرۆکێك ھەبێت خۆی حزبەکەی جێ بھێڵێت، ئاخر کاتێك مرۆڤ رەنج بدات و خۆی شتێک دروست بکات، مەعقوولە ئەو شتە بسووتێنێت و فڕێی بدات! نەبووە لە دونیا خۆت ھێزێک دروست بکەی و بەرنامەی بۆ دابنێیت، ھەر خۆیشت دوو مانگ سێ مانگ بڕ نەکات و وازی لێ بھێنی، ئاخر ئیستیقالە دەدەی بە کێ، خۆت سەرۆکی حزبیت!".

ئاماژە بەوەش دەكات: "یەکێک لەو گلەییانەی کە لە یەکەم بینینی د. بەرھەم پێیانم گوت: “کە رەنگە گلەیی ئەوەت لەسەر بێت، کە زۆرێک لە ھاوڕێکانت جێھێشتووە، تکا دەکەم ئەو دڵسۆزانەش کە لەسەر داوای تۆ و بە ھەوڵی تۆ دەستیان خستووەتە دەستی یەکەوە، ھیوادارم تا کۆتایی بەرنامەکە لەگەڵیاندا بیت و جێیان نەھێڵیت“، بەڵام بەداخەوە قسەکەی من دەرچوو، کە رەنگە ئەوکات زۆر پێی نیگەران بووبێت".