كانی عاشقان بێنازە

مەترسی لەناوچوونی لەسەرە

K24 - ھەڵەبجە

کانی عاشقان یەکێکە لە کانیە بەناوبانگەکانی ھەڵەبجە و جاران سەرچاوەی ئاوی زۆر لە ھاووڵاتیانی شارەكە بووەو جێگای کۆبوونەوەی خەڵک و جێ ژوانی عاشقان بووە، بەڵام ئێستا مەترسی لەناوچوونی لەسەرە.

كانیە عاشقان جگە لە سەرچاوەی ئاو، بووەتە سەرچاوەی چەند كارێكی ھونەرمەند و شاعیران و شیعر و گۆرانی بۆ گوتراوە. شارەزایەكی بواری مێژوو دەڵێ "ناوی کانی عاشقان کۆن نییە و نازاندرێ لە رابردوو چ ناوێکی دیكەی ھەبووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی جێگایەکی خۆش بووەو کانیەکەی لێ بووە، عاشقان لەوێ یەکتریان بینیووە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە".

ساڵانە بەھۆی بارینی رێژەیەکی زۆری باران، ئەو کانیە تووشی داڕمان دەبیت، سەرۆکی شارەوانی ھەڵەبجە دەڵیت "زیاتر لە دووساڵە دەرخستەمان کردوەو بۆنۆژەنکردنەوەی كانی عاشقان دووبارە چاک کردنی و گەڕاندنەوەی سیمایەکی جوان بۆ ئەو گەڕەکە، بەڵام بەھۆی نەبونی بودجەوە نەمان توانیوەچاکی بکەین و داواکارین کە ھەرلایەنێک دەتوانی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت و بەزووترین کات نۆژەن بکرێتەوە".

ھەڵەبجە بەھۆی زۆری رێژەی ئاوی کانی لەنێو شار زۆرێک لە گەڕەكەکانی وەک کانیە قوڵکە و کانی عاشقان و کانی شێخ و ژمارەیەک گەڕەکی دیکە بەناوی کانیەکانەوە ناونراون، بەھۆی وشکەساڵی و دروستکردنی پڕۆژە زۆرێک لە کانیەکانی ئەو شارە لەناوچوون، ئەوانەشی کەماون مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.