دیاكورد: هێرشی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێشهاتێكی مه‌ترسیداره‌

"پێویسته‌ په‌كه‌كه‌ رێز له‌ ئیراده‌ و بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگرێت"

K24  - هه‌ولێر:

كۆمیته‌ی دامه‌زراندنی كۆنفیدراسیۆنی كوردانی دیاسپۆرا كه‌ به‌ (دیاكورد) ناسراوه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هێرشه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ مه‌ترسی نیگه‌رانییه‌كی قووڵ وه‌سف ده‌كات و داواش له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كات، رێز له‌ ئیراده‌ و سه‌روه‌ری و بڕیاره‌كانی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگرێت.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی "دیاكورد" هاتووه‌، كه‌ هه‌رێمی كوردستان تاكه‌ شوێن ئاڵای پیرۆزی كوردستانی تێدا ده‌شه‌كێته‌وه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ناسراوه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ ده‌ستكه‌وتی هه‌موو كوردستان وه‌سف ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هه‌ستیارانه‌ چاو له‌م ناوچه‌یه‌ بكه‌ن و حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و سه‌قامیگری هه‌رێمی كوردستان، هیچ كرده‌یه‌ك چه‌كداری له‌ دژی دراوسێكان ئه‌نجام نادات.

سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، له‌ باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی شنگال دیاكورد ده‌ڵێت: "رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ره‌وشی شنگال، مافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و هیچ لایه‌نێكی چه‌كدار بۆی نییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ بكات".

سه‌باره‌ت به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیش، كه‌ سه‌رچاوه‌ی قووتی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و په‌كه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی راگه‌یاند، دیاكور ده‌ڵێت: "ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆریی نه‌وتی كوردستان، ده‌ستدرێژییه‌ بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی قبووڵ نییه‌".