"ئه‌مریكا ده‌زانێت به‌م نزیكانه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان داده‌مه‌زرێت"

پیته‌ر گالبرێس: هیچ كاتێك ئیداره‌ی تره‌مپ دژی ریفراندۆم نه‌بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

پیته‌ر گالبرێس، دیپلۆماتكاری پێشووی ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌: "ئه‌مریكا دژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نه‌بووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها سه‌رنجی له‌سه‌ر كاته‌كه‌ی هه‌بووه‌" ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی پێیوایه‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان نزیكه‌".

گالبرێس له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "خه‌به‌ر تورك" ده‌ڵێت: "ئه‌مریكا دژی ریفراندۆم نییه‌، ته‌نها له‌گه‌ڵ كاته‌كه‌ی نه‌بووه‌، یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی ئیداره‌ی تره‌مپ، سه‌رۆكی رازیكردووه‌ بڵێت ریفراندۆم بۆ ئێستا گونجاو نه‌بووه‌، به‌ڵام هیچ رۆژێك ئیداره‌كه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ دژی ریفراندۆم نه‌بووه‌ و ته‌نها سه‌رنجیان له‌سه‌ر كاته‌كه‌ی خستووه‌ته‌ ڕوو".

پیته‌ر گالبرێس كه‌ خه‌به‌ر تورك وه‌ك راوێژكاری مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌یناسێنێت ده‌ڵێت: "هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و ریفراندۆمه‌كه‌ی 25/9/2017  سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌نێت، قۆناغی داهاتوو وه‌ك قۆناغێكی گوازه‌ره‌وه‌ وایه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق دیاریبكات، له‌وانه‌یه‌ دوای دوو ساڵی دیكه‌ بێت".

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "پێموایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌زانێت له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌وڵه‌تی كوردستان داده‌مه‌زرێت، هه‌مووان ئه‌و راستییه‌ ده‌بین كه‌ به‌ ئامانج ده‌گات، به‌ڵام پێمسه‌یره‌ ئه‌مریكا تا ئێستا ئه‌مریكا به‌ فه‌رمی نه‌یناساندووه‌".

ده‌رباره‌ی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی عێراق بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، گالبرێس ده‌ڵێت: "عێراق ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازییه‌ی نییه‌ بتوانێت ئه‌و كاره‌ بكات، هاتنی داعش له‌ ساڵی 2014 نموونه‌یه‌كی به‌رچاوه‌ بۆ لاوازی عێراق له‌ رووی سه‌ربازییه‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "توركیاش له‌و وڵاتانه‌ نییه‌ كه‌ بتوانێت ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ ووڵاتانی دیكه‌ بكات، ئه‌وه‌ی قه‌ڵغانی فوراتیش ئۆپراسیۆنێكی سنووردار بووه‌".