كەشناسی نزمترین پلەی گەرمای لەم مانگەدا تۆمار كرد

لە دوو ناوچەی كوردستان نزمترین پلەی گەرما تۆماركرا

K24 - ھەولێر

كەشناسی رایگەیاند، بەھۆی ئەو بارستە ھەوایە فێنكەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، نزمترین پلەی گەرما لەم مانگەدا لە سنوورەكانی ناحیەی كانی ماسی و قەزای پێنجوێن ئەمڕۆ تۆمار كراوە.

بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "وەک ئاماژەمان پێکرد نزمترین پلەی گەرما لە ھەندێ ناوچە شاخاوییەکان نزمدەبێتەوە بۆ کەمتر لە 10 پلەی سیلیزی. ئەمڕۆ بەیانی نزمترین پلەی گەرمای ھەر یەک لە وێستگەکانی کانی ماسی و پێنچوێن 7 پلەی سیلیزی بوو".

كەشناسی ئاماژەی بەوەشكردووە "سەنتەری پارێزگاکانیش لە 15 پلە نزیکبوون، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەو رێژە زۆرە حاڵەتێکی دەگمەنە بە تایبەتی لەم وەرزەو مانگە. سبەی پلەکانی گەرما دەست دەکەن بە بەرزبوونەوە بە یەک تا دوو پلە".