ماره سڕكراوه‌كه له كه‌ركووك ده‌كه‌وێته‌وه جووڵه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌و بۆسه‌یه‌ی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش له باشووری رۆژئاوای كه‌ركووك بۆ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیان نایه‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه 27 كه‌سیان كوشت، گه‌وره‌ترین چالاكی رێكخراوه توندڕه‌وه‌كه بوو له گوندی سه‌عدوونییه‌ی سه‌ر به شاره‌دێی ریاز له قه‌زای حه‌ویجه، له‌وكاته‌وه‌ی مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو بێ شه‌ڕ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی "خه‌لافه‌ته‌كه‌یان له ویلایه‌تی كه‌ركووك" بۆ سوپا و حه‌شد جێهێشت، دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له 3 ساڵ فه‌رمانڕه‌واییان تێدا كرد.
هێزه‌كانی عێراق و گرووپه چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌تایبه‌تی رێككه‌وتنی نێوان حه‌شد و سوپای عێراق و ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك و شارۆچكه‌ی خورماتوو له رۆژی 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017، خۆیان وه‌ك سه‌ركه‌وتووی جه‌نگێكی سه‌خت نمایش كرد و سه‌رنجی خۆیان خستبووه سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی خورماتوو كه ده‌گوترا چه‌كداره ئاڵا سپییه‌كانی تێدا كۆبوونه‌ته‌وه و سه‌ره‌نجام هه‌فته‌ی رابردوو به ئۆپراسیۆنێكی فراوانی سه‌ربازی چوونه شوێنی پێگه و مۆڵگه‌ی چه‌كداره‌كان. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند له ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی كه‌ركووكه‌وه كه‌وتنه‌وه به‌رده‌م هێرشی چه‌كدارانی داعش و زیانێكی گه‌وره‌یان لێدان.
جۆری كرده سه‌ربازییه‌كی داعش ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه، هه‌م له‌و ناوچانه‌دا ھێشتا شانه‌ی نوستووی زۆریان هه‌یه و هه‌م خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یش ھێشتا ئاماده‌ییان تێدایه هاوكاریان بكه‌ن.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی هێرشه‌كه‌ی داعشیان بۆسه‌ر میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی له گوندی سه‌عدوونییه‌ی سه‌ر به قه‌زای حه‌وێجه له سنووری پارێزگای كه‌ركووك ئاشكرا كردووه‌و گوتوویانه: "له‌ڕێگه‌ی كه‌سێكه‌وه كه خۆی وه‌ك شوان نیشاندابوو، زیاتر له 30 چه‌كداری حه‌شدیان په‌لكێشی ناو بۆسه‌ی خۆیان كردووه و زۆربه‌یان كوشتوون.
ئه‌فسه‌رێكیش له پۆلیسی عێراقی له شاری كه‌ركووك ورده‌كاری رووداوه‌كه‌ی ئاشكرا كردووه، كه سه‌ره‌تا كه‌سێكی گوندنشین سه‌ردانی باره‌گای حه‌شدی شه‌عبی كردووه‌و وا خۆی نیشانداوه كه شوانه و به حه‌شدی راگه‌یاندووه، كاتێك مه‌ڕه‌كانی بردۆته له‌وه‌ڕگا، خانوویه‌كی له‌نزیك پردی شاهریه له‌سه‌ره‌تای گوندی سه‌عدوونییه بینیوه، كه ژماره‌یه‌ك چه‌كداری ریشدرێژی نامۆی له‌ناودا بووه، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و هه‌واڵه‌ش، حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی بۆ ئه‌و ناوچه‌یه ره‌وانه كردووه، به‌ڵام به‌ر له‌گه‌یشتنیان كه‌وتوونه‌ته بۆسه‌ی چه‌كدارانی داعش، دوای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ی نیو كاتژمێر، زۆربه‌ی چه‌كدارانی حه‌شدیان كوشتووه و به‌شێكی دیكه‌شیان رفاندووه، ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ئۆتۆمۆبیلێك و هه‌موو چه‌كی حه‌شددا گرتووه و ئۆتۆمۆبیله‌كانی دیكه‌شیان سووتاندووه.
به‌گوێره‌ی سایتی عه‌ره‌بی جه‌دید كه له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی بڵاویكردۆته‌وه، زیاتر له 30 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی به 7 ئۆتۆمۆبیلی سه‌ربازییه‌وه له گوندی سه‌عدوونییه‌ی سه‌ر به حه‌وێجه كه‌وتنه بۆسه‌یه‌كی چه‌كدارانی داعش، راشیانگه‌یاند، چه‌كدارانی داعش جلوبه‌رگی پۆلیسی فیدراڵیان پۆشیبوو، بۆئه‌وه‌ی پیلانه‌كه‌یان ئاسان بێت و له هێرشه‌كه‌یاندا 27 چه‌كداری حه‌شدیان كوشتووه، كه زۆربه‌یان سه‌ر به هێزه‌كانی "به‌در" و "لیوای عه‌لی ئه‌كبه‌ر" بوون.
تائێستاش ئه‌و كه‌سه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه كه سه‌ره‌تا هه‌واڵی به هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی دابوو، بۆیه گومانی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌و كه‌سه‌ش چه‌كدارێكی داعش بێت و بۆ خۆڵ له‌چاوكردن و فێڵكردن له حه‌شد خۆی وه‌ك شوانكاره نیشاندابێت، تاوه‌كو په‌لكێشی ناو بۆسه‌كه‌ی خۆیان بكات.
حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه فه‌رمانده‌ی گشتی ھێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه و خۆی وتاری"سه‌ركه‌وتن"ـی به‌سه‌ر داعشدا خوێنده‌وه، شكستی چه‌كدارانی داعشی له به‌ره‌كانی جه‌نگ راگه‌یاند، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی شارۆچكه و شاره‌دێ و گونده‌كانی ناوچه سنوورییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ سووریا كه‌وته‌وه ده‌ست هێزه‌كانیان و كێوماڵی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دووره ده‌ست و بیابانی رۆژئاوای عێراقیان كرد كه به گووته‌ی فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان ماوه‌ی 14 ساڵ بوو هیچ هێزێكی سه‌ربازی فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عێراقی پێ نه‌گه‌یشتبوو.
به‌ڵام به‌رپرسانی ئه‌منی و سه‌ربازی و هه‌واڵگریی ئه‌مریكا پێچه‌وانه‌ی به‌رپرسانی عێراق ده‌دوێن و ماوه‌یه‌كه به چڕی باس له مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه یان گه‌ڕانه‌وه یان خۆرێكخستنه‌وه‌ی گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كه ده‌كه‌ن.
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، رایده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ڕی داعش كۆتایی نه‌هاتووه و چه‌ندین ساڵی دیكه‌ش درێژه ده‌كێشێت.
ژه‌نه‌ڕاڵ پوڵ فه‌نك، فه‌رمانده‌ی باڵای هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، له‌باره‌ی كۆتایی هاتنی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له عێراق، رایگه‌یاندووه: "ئه‌و شه‌ڕه كۆتایی نه‌هاتووه و ره‌نگه چه‌ندین ساڵی دیكه‌ش بخایه‌نێت تاوه‌كو بتوانن ناوچه‌كه له ئایدۆلۆژیا و هزری داعشی پاك بكه‌نه‌وه".
هه‌روه‌ها ئه‌و ژه‌نه‌ڕاڵه ئه‌مریكییه گوتیشی، كێشه‌كه ئه‌وه‌یه زۆر كه‌س پێیوایه كه شه‌ڕی داعش كۆتایی هاتووه، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌و شه‌ڕه كۆتایی نه‌هاتووه.
له هه‌مان چوارچێوه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا گوتبووی: "هه‌رچه‌نده رێكخراوی تیرۆریستی داعش، به‌م دواییانه له عێراق و سووریا دووچاری شكست هات، به‌ڵام هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ن".
دان كۆتس، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا له كۆنگره‌ی ئاسایشی میونشن به سه‌ركرده و به‌رپرسانی به‌رگری و دیپلۆماته‌كانی جیهانی راگه‌یاند: "شكستهێنان به داعشی تیرۆریست وه‌ك كوشتنی ئه‌خته‌بووت وایه".
هه‌روه‌ها گوتبووی: "داعش زیاتره له رێكخراوێكی تیرۆریستی، ئایدۆلۆژیایه و له‌وانه‌شه بیروباوه‌ڕێكی ئاینی بێت یان تێكه‌ڵه‌یه‌ك بێت له ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕی ئاینی و دوای شكستی داعش له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگیش به‌رده‌وامی هه‌بێت".
به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگری نیشتمانی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردبوو، ئێستا روون نییه ئایا بۆ رێگه‌گرتن له داعش و سه‌رله‌نوێ خۆرێكخستنه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی پێویست بووه كردوومانه یان نا، یان ته‌نها له‌م ساته‌دا راگیراون و سه‌رله‌نوێ ریزه‌كانیان رێكده‌خه‌نه‌وه".
دان كۆتس به روونی به ئاماده‌بووانی گووت، هه‌ڵسه‌نگاندنمان بۆ ره‌وشی ئێستای داعش ئه‌وه‌یه ده‌ڵێن "هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه".
چاره‌نووسی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش، كه یه‌كه‌مین كه‌سی داواكراوه له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ته‌نها له رۆژی 4/7/2014 بۆ یه‌كه‌مینجار له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نووری له به‌ره‌ی رۆژئاوای شاری مووسڵ ده‌ركه‌وت و خۆی وه‌ك "خه‌لیفه" ناساند، هێشتا بووه‌ته ئه‌و مه‌ته‌ڵه‌ی كه‌س سه‌ری لێ ده‌رناكات، هه‌ر چه‌نده له‌و كاته‌وه‌ی گرووپه توندڕه‌وه‌كه‌ی به‌شێكی فراوانی خاكی عێراق و سووریایان داگیر كردووه تا ئێستا، ده‌یان جار هه‌واڵی كوژران و برینداربوونی بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ھێشتا دیارنییه كه به‌غدادی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رپرسێكی هه‌واڵگری عێراق ده‌ڵیت له سه‌ره مه‌رگدایه، یان خه‌ریكی رێكخستنه‌وه‌ی چه‌كداره په‌رته‌وازه بووه‌كانی داعشه و ده‌یه‌وێت بۆ قۆناغێكی دیكه له سه‌ره مه‌رگه‌وه بیانگێڕێته‌وه بۆ مه‌یدانه‌كه.
له‌و باره‌یه‌وه چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌مریكا كه به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت قسه‌یان بۆ كه‌ناڵی CNNـی ئه‌مریكی كردووه، ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، به‌هۆی بۆمبابارانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانه‌وه بریندار بووه‌و ماوه‌ی 5 مانگ نه‌یتوانیوه وه‌ك رێبه‌ری رێكخراوه‌كه ئه‌ركه‌كانی به‌ڕێوه‌ببات.
به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی ئه‌مریكا كه قسه‌یان بۆ كه‌ناڵه ئه‌مریكییه‌كه كردووه‌و داوایانكردووه ناویان نه‌هێنرێت، دوای هه‌ڵسه‌نگاندنی وردی هه‌واڵگری ئه‌مریكا، ئاماژه‌ی ئه‌وه ده‌ركه‌وتووه كه، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی كه یه‌كه‌مین كه‌سی داواكراوه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، ئه‌و كاته‌ی به‌ر بۆمبابارانه‌كه كه‌وتووه، له ناوچه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری شاری ره‌قه‌ی سووریا بووه.
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه پشتی به‌و راپۆرتانه به‌ستووه كه له‌لایه‌ن ده‌ستگیركراواكانی داعش و ئاواره‌كانی باكووری سووریا ده‌ست هه‌واڵگری ئه‌مریكا كه‌وتوون. ئاماژه‌ی ئه‌وه هه‌یه، برینه‌كانی به‌غدادی نه‌بووه‌ته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی، به‌ڵام خستوویه‌تییه دۆخێكه‌وه نه‌یتوانیوه رۆژانه سه‌رپه‌رشتی كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی داعش بكات.
هه‌ر بۆیه داعش له‌و كاتانه‌دا له سه‌روبه‌ندی له‌ده‌ستدانی شاری مووسڵ و ره‌قه‌دا بوو. به‌ڵام روون نییه به‌غدادی به‌هۆی بۆمبابارانی هه‌ڕه‌مه‌كی به‌ركه‌وتووه، یان چاودێری كراوه‌و به‌وردی كراوه‌ته ئامانج و ئه‌و لایه‌نیشی مووشه‌كه‌كه‌ی ئاراسته كردووه هێشتا دیار نییه كێیه.
به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی زانیاری ورد ده‌رباره‌ی برینداربوونی به‌غدادی، به‌رپرسانی ئه‌مریكا بۆیان روون نه‌بووه‌ته‌وه كه به‌هۆی بۆمبابارانی فڕۆكه‌كانی رووسیاوه بریندار بووه یان فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا، چونكه فڕۆكه‌كانی رووسیاش له‌و ناوچانه‌دا بۆمبابارانیان كردووه. به‌تایبه‌تی رووسیا رۆژی 28/5/2017 رایگه‌یاند: "به‌هۆی بۆمبابارانی فڕۆكه‌كانی رووسیاوه ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش له ده‌وروبه‌ری ره‌قه كوژراوه".
په‌یوه‌ست به چاره‌نووسی به‌غدادی، ئه‌بوعه‌لی به‌سری، سه‌رۆكی شانه‌ی هه‌ڵۆی هه‌واڵگری و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌واڵگری و دژه تیرۆری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، زانیاری نوێی له‌باره‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش ئاشكرا كردووه و گوتوویه‌تی: "شایه‌تی و به‌ڵگه‌ی زۆرمان هه‌یه كه بارودۆخی ته‌ندرووستی و ده‌روونی ئیبراهیم عه‌واد سامه‌ڕائی، كه به "ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی" ناسراوه تێكچووه‌و به‌مدواییانه براوه‌ته نه‌خۆشخانه‌یه‌كی داعش له ناوچه‌ی جه‌زیره‌ی سووریا. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م له رووی ده‌روونی و هه‌م ئه‌و برین و ئێسكانه‌ی قاچی كه پێشتر به‌هۆی برینداربوونه‌وه شكابوون چاره‌سه‌ر بكرێت و توانای رۆیشتنی نه‌هێشتووه".
ئه‌و به‌رپرسه باڵا هه‌واڵگرییه‌ی عێراق به رۆژنامه‌ی سه‌باحی فه‌رمی عێراقی گوتووه: "هێشتا ئه‌و تاوانباره له‌ناوچه‌ی جه‌زیره‌ی سووریایه و نزیكه له سنووره‌كانی عێراق، هه‌ر له‌و ناوچه‌یه و بۆ هیچ شوێنیكی دیكه راینه‌كردووه".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "زانیاری و به‌ڵگه‌مان له‌لایه‌ن سه‌رچاوه‌كانمان له‌ناو داعش به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌و له‌و قسانه‌ی ده‌یكه‌ین هیچ گوومانمان نییه كه تا ئه‌مڕۆ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی و ژماره‌یه‌ك له یاریده‌ده‌ره‌كانی له‌ناوچه‌ی جه‌زیره‌ی سووریادان و له دوارۆژه‌كانی ژیانیدایه".
ئه‌بو عه‌لی به‌سری بارودۆخی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی به مه‌ترسیدار ناوبردووه‌و ده‌ڵێت: "به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی به‌هۆی چاودێریكردنی شانه‌ی باز و شیكردنه‌وه و ئاشكرابوونی نه‌خۆشییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وتووه ژیانی له مه‌ترسیدایه، جگه له‌وه‌ی تووشی نه‌خۆشی شه‌كره‌یش بووه".
یه‌كه‌مین جار نییه به‌رپرسێكی هه‌واڵگری ناوخۆیی یان جیهانی قسه له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زانیارییه‌كی درووست له‌باره‌ی شوێنی رێبه‌ره‌كه‌ی داعش رانه‌گه‌یه‌نراوه.
هه‌ر چییه‌ك بێت و هه‌ر چۆنێك بیت، هێشتا جیهان داعش به مه‌ترسییه‌كی نه‌بڕاوه له‌سه‌ر ئاسایشی خۆی ده‌بینێت، له كاتێكدا مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه، گۆڕانكاریی له به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی عێراق و سووریا بۆ چوار گۆشه‌ی یه‌كه‌م و پێشێلكردنی مافی هاووڵاتیانی وڵاته‌كانیان به‌تایبه‌تی سوننه‌كانی عێراق، ئاو بكاته‌وه بن درخته سیسبووه‌كه‌ی داعش و بیژێنێته‌وه.
له راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی تایمزی بریتانیدا ئاماژه به‌وه كراوه، چه‌كدارانی داعش ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی ئێستا عێراق و سووریای تیدایه ده‌قۆزنه‌وه، تا بۆ جاری دووه‌م به‌فراوانی په‌لاماری عێراق و سووریا بداته‌وه.
رۆژنامه بریتانییه‌كه نوسیوویه‌تی "ئه‌و ناكۆكی و ململانێ تائیفیه‌ی هه‌یه، ده‌بێته ده‌رفه‌تی هه‌ستانه‌وه‌ی داعش و ریزه‌كانی خۆی رێكده‌خاته‌وه‌و جارێكی دیكه هێرش ده‌كاته‌وه سه‌ر عێراق و سووریا.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، له مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا، داعش رۆژانه هێرشی ئه‌نجامداوه‌و له ناوچه‌كانی باكووری رۆژئاوای سووریا رووبه‌ڕووی ھێزه‌كانی رژێمی ئه‌سه‌د بوونه‌ته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌وناوچانه ده‌ركرابوون.
روونیشیكردووه‌ته‌وه كه جارێكی دیكه چه‌كدارانی داعش له پارێزگای حه‌ما، به‌تایبه‌تی له كۆتاییه‌كانی ساڵی رابردوو ده‌ركه‌وتوونه‌ته‌وه‌و به‌خێرایی كۆنترۆڵی چه‌ندین پێگه‌ی هێزه ئۆپۆزیسۆنه‌كانی دیكه‌یان كردووه و ته‌نانه‌ت رووبه‌رێكی خاكیان له سنووری حه‌له‌ب خستووه‌ته‌وه ژێر كۆنترۆڵی خۆیان.
ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی داعش له عێراق، تایمز نوسیوویه‌تی "به پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ی كه گرووپه‌كانی چاودێری له سه‌رانسه‌ری عێراق كۆیانكردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدایه كه چه‌كداره نه‌ناسراوه‌كان 440 هێرش و كرده‌ی توندوتیژیان ئه‌نجامداوه، ته‌قینه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه و تیرۆری تاكه‌كه‌سی و رفاندن له ناوچه جۆراوجۆره‌كان به‌شێكی ئه‌و ھێرشانه بوون".
به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه، ئه‌و 440 هێرشه له‌ماوه‌ی 104 رۆژدا ئه‌نجامدراوون و دواین كرده‌وه‌شیان رۆژی هه‌ینی رابردوو بووه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتی رۆژنامه بریتانییه‌كه، پیده‌چێت داعش ئاماده‌ییه‌كی به‌هێزی له پاریزگای دیاله و مووسڵ و ئه‌نبار هه‌بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش زۆره كه ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ریان هێشتا له‌و ناوچانه‌دا خۆی حه‌شاردابێت.
ئه‌وه‌ی ئیستا له پارێزگای كه‌ركووكیش ده‌گوزه‌رێت، هاوكاتی راپۆرتێكی رۆژنامه‌یه‌كی سعوودییه كه به پشتبه‌ستن به چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له هێزه‌كانی دژه تیرۆری عێراقی، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، رێكخراوی داعش پیلانی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه‌ركووك كۆنترۆڵ بكات و له‌وێشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه مووسڵ.
رۆژنامه‌ی "عوكاز"ی سعوودی، به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری رێكاره‌كانی دژه تیرۆری عێراقیشی ئاشكرا بكات، دووپاتیكردووه‌ته‌وه ئه‌و هێزه ئه‌منییه عێراقییانه، هه‌ماهه‌نگی و رێكاری پێویستییان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی له‌و جۆره.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، له میحوه‌ری باكوور له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی فیرقه‌ی پێنجی سه‌ر به پۆلیسی فیدرالی ئه‌و پرسه‌یان تاووتوێ كردووه، بۆ پارێزگاریكردنی شاره‌كه له هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش.
سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌و رێكخراوه، به‌رپرسان و ده‌زگا هه‌واڵگری و سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هۆشداری ده‌ده‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ناوچه‌كه و به ته‌واوه‌تی كۆتایی پێنه‌هاتووه.