پارەكەی بەغدا بەشی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ناكات

"بەغدا پرسی مووچە وەك كارتێكی سیاسی بەكاردێنێ"

K24 - ھەولێر

پەرلەمانتارێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، ناردنی ئەو بڕە پارەیەی حكوومەتی عێراق بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ناردووە، دووپاتكردنەوەی ئەو تێڕوانینەیە، كە بەغدا مووچەی فەرمانبەران وەك كارتێكی سیاسی بەكاردێنێ، ئاماژەش بۆ ئەوە دەكات لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە عەبادییەوە دەكەن.

مەسعود حەیدر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی ناردنی بڕێك پارە لەلایەن حكوومەتی عێراق بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان رایگەیاند: "دوای بەدواداچوون بۆ راگەیاندنکەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زانیاری ئەوەمان دەستکەوت کە حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵی 2018 کە لە بنەڕەتدا مووچەی ھەرێمی تێدا کەمکراوەتەوە و تەنھا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی ناردوە کە سەرۆکوەزیران ی ئیتحادی بە 218 ملیار دینار دایناوە مانگانە، هەروەھا بڕی 35،8 ملیار دیناری بۆ پێشمەرگە داناوە، کە دەکاتە نزیکەی 317 ملیار دینار، ئەمەی کە حکوومەتی ئیتحادی کردوویەتی پێچەوانەی ھەموو ئەو بەڵێن و گفتوگۆیانەیە کە حکوومەتی ئیتحادی لە کۆبوونەوەکان بە ئێمەی راگەیاندووەو دووپاتی ئەو تێروانینەمان دەکاتەوە کە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان تەئکیدمان لەسەری کردەوە کە پارەکەی بەغداد بەشی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ناکات بە پاشەکەوتیشەوە".

مەسعود حەیدەر دەشڵێت: "ئەمەی حکوومەتی ئیتحادی کردوویەتی دووپاتکردنەوەیە کە ویستویانە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم وەکو كارتێكی سیاسی بەکاربێنن و ئەرکە دەستوورێکەی خۆی بەرانبەر بە مووچەخۆرانی ھەرێم جێبەجێ نەکردووە. بەدواداچوونی زیاتر دەکەین و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتحادی پەیوەندی دەگرین بۆ روونکردنەوەو نیازی بەغدا بۆ چۆنێتی چارەسەرکردنی بابەتی مووچە".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی كوردستان ئاشكرا كردووە، كە ئەو بڕه پارەی حكوومەتی عێراق رادەستی حكوومەتی ھەرێمی دەكات بڕەكەی (317,540,465) دینارە بۆ مووچەى هەموو وەزارەتەكانه بە پێشمەرگەشەوە. بڕیارە رۆژی دووشەممە 2018/3/19 له لقی بانكى مەركەزى له هەولێر پارەكه رادەستى وەزارەتى دارايى و ئابوورى دەكرێت.

ھ.م