سه‌رۆك بارزانی: لە ئەنجامی سه‌ركه‌وتنی پارتی حكوومەتێكی بەهێز بۆ كوردستانێكی بەهێز دادەمەزرێت

"لە سەركەوتندا مەغروور مەبن و لە شكستیشدا نائومێد مەبن"

K24 - هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی خوولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی جەماوەری خۆڕاگر و بە ئەمەكی كوردستان دەكەم. شانازییەكی مەزنە كە گەلی كوردستان متمانەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە".

له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، "ئەو سەركەوتنە، سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان و سەركەوتنی پێشمەرگەیە، سەركەوتنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە، سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە قوربانییەكی بێ هەژمار و هەزاران شەهیدی داوە. سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە هەرگیز مساوەمەی لەسەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان نەكردووە و ناشیكات. سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە لەپێناو پێكەوەژیان و ئازادی و دیموكراسیدا خەباتی كردووە".

سه‌رۆك بارزانی، جه‌خت له‌ درووشمێكی سه‌ره‌كی پارتی ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: " لە ئەنجامی ئەو سەركەوتنەیش پشت بە خوای گەورە حكوومەتێكی بەهێز، بۆ كوردستانێكی بەهێز و، بۆ خزمەتكردنی گەل دادەمەزرێت".

هه‌ر له‌و په‌یامه‌دا، سه‌رۆك بارزانی، وته‌یه‌كی بارزانی نه‌مر وه‌بیر كادیر و لایەنگرانی پارتی دەهێنێتێته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "لە سەركەوتندا مەغروور مەبن و، لە شكستیشدا نائومێد مەبن، ئەو ئامۆژگارییەی بارزانیی نەمر بكەنە سەرمەشقی خۆتان و نابێ سەركەوتن مەغروورتان بكات چونكە ئەو سەركەوتنە، سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە و بۆ خزمەتی كوردستانە".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

"بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی جەماوەری خۆڕاگر و بە ئەمەكی كوردستان دەكەم. شانازییەكی مەزنە كە گەلی كوردستان متمانەی بە پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە. هەر ئەو متمانەیەشە كە بنەمای شەرعییەت و بەردەوامبوونە و، بەڵگە و شاهیدییەكی ڕوونە بۆ خەبات و دەستكەوت و ئامانجەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەو سەركەوتنە، سەركەوتنی ئیرادەی گەلی كوردستان و سەركەوتنی پێشمەرگەیە، سەركەوتنی ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە، سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە قوربانییەكی بێ هەژمار و هەزاران شەهیدی داوە. سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە هەرگیز مساوەمەی لەسەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان نەكردووە و ناشیكات. سەركەوتنی ئەو ڕێبازەیە كە لەپێناو پێكەوەژیان و ئازادی و دیموكراسیدا خەباتی كردووە.

بەبۆنەی ئەو سەركەوتنە مێژووییە، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و سەركردایەتی و كادیر و ئەندام و لایەنگر و جەماوەری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم و سوپاسیان دەكەم كە هیمەتیان كرد و لەپێناو بەدیهێنانی كوردستانێكی بەهێزدا پارتییان سەرخست. لە ئەنجامی ئەو سەركەوتنەیش پشت بە خوای گەورە حكوومەتێكی بەهێز، بۆ كوردستانێكی بەهێز و، بۆ خزمەتكردنی گەل دادەمەزرێت.

هەر لێرەیشەوە ئەم وتەیەی بارزانیی نەمر وەبیر كادیر و لایەنگرانی پارتی دەهێنمەوە كە " لە سەركەوتندا مەغروور مەبن و، لە شكستیشدا نائومێد مەبن"، ئەو ئامۆژگارییەی بارزانیی نەمر بكەنە سەرمەشقی خۆتان و نابێ سەركەوتن مەغروورتان بكات چونكە ئەو سەركەوتنە، سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستانە و بۆ خزمەتی كوردستانە.

ئێستایش كاتی ئەوە هاتووە كە هەموومان یەكڕیزی و یەكدەنگیی میللەتەكەمان بپارێزین و داوا لە هەموو لایەكیش دەكەم بەرژەوەندیی گەل و هاودەنگیی نیشتیمانی بكەنە ئەولەوییەت و لەسەرووی هەموو بابەتێكەوە دابنێن.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان

مسعود بارزانی

21ـی 10ـی 2018"