"بارزانی دانوستانكارێكی سه‌رسه‌خته‌"

باڵیۆزێكی پێشووی ئه‌مریكا ناوه‌ڕۆكی دانووستانی پێشووی نێوان بارزانی و به‌رپرسانی به‌غدا له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی كورد له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

رۆبه‌رت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ سووریا و جه‌زائیر و تویژه‌ی ئه‌نیستیتوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست له‌ واشنتن كه‌ له‌ ساڵی 2005 به‌رپرسی ئۆفیسی سیاسی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بووه‌ له‌ به‌غدا، باسی دانووستان و گفتوگۆی دوور و درێژی سه‌ركرده‌كانی عێراق ده‌كات له‌ باره‌ی ده‌ستووری عێراق و ده‌ڵێت: "ئه‌مریكا به‌رده‌وام فشاری له‌سه‌ر كورد به‌ تایبه‌تی بارزانی ده‌كرد تا سازش بكه‌ن و واز له‌ داواكارییه‌كانیان بهێنن، هه‌میشه‌ ئه‌مریكا جه‌ختی ده‌كرده‌وه‌‌ كه‌ كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراقی فیدراڵ".

رۆبه‌رت فۆرد  ده‌ڵێت: "به‌ڵام بارزانی دانوستانكارێكی سه‌رسه‌خت بوو، چونكه‌ گه‌لی كوردستان و بنه‌ماڵه‌كه‌یشی له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمه‌كانی عێراق دووچاری نه‌هامه‌تی و ئه‌شكه‌نجه‌ و كوشتوبڕ هاتبوو، له‌ ساڵی 2005 به‌ڕاشكاوی گووتی :"ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا رێز له‌ ده‌ستووری نوێ بگرن، كورد ده‌بێته‌‌ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق، كورد به‌شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ و مه‌رجدار رازیبوون ببنه‌ به‌شێك له‌ عێراق، به‌ڵام دوای 12 ساڵ به‌رپرسانی عیراقی رێزیان له‌ ده‌ستووره‌كه‌ نه‌گرت".

رۆبه‌رت فۆرد، باسی پیشێلكارییه‌كانی ده‌ستووریشی له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی عێراق كردووه‌و و چه‌ندین نموونه‌ی زه‌قی له‌وباره‌وه‌ خستووه‌ته‌ ڕوو.

ئه‌و بالیۆزه‌ی پێشووی ئه‌مریكا له‌باره‌ی سیاسه‌ته‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر كورد نووسیویه‌تی "ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی تا ئێستا ئه‌مریكا به‌ كوردی داوه‌ جێگه‌ی بایه‌خ نین و پووچن".

به‌رده‌وام له‌ كۆر و كۆبوونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و كه‌رنه‌ڤاڵه‌كاندا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی هۆكاره‌كانی بڕیاردانی ریفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كات و هۆكاری سه‌ره‌كی به‌ پێشێلكردنی ده‌ستوور له‌ لایه‌ن به‌رپرسانی عیراق ده‌به‌ستیته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌ دیباجه‌ی ده‌ستوور ده‌كات كه‌ پابه‌ندبوون پێیه‌وه‌ی وه‌ك مه‌رجی مانه‌وه‌ی فیدراڵییه‌تی ئازادانه‌ و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ ناوبردووه‌".