بەرپرسانی ھاوپەیمانی لەبارەی رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی روونكردنەوە دەدەن

ھاوپەیمانی بۆ دڵنیایی كۆبوونەوە بە كادیرانی دەكات
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە چەند رۆژی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لەنێوان سەركردەكانی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هاوپه‌یمانیش دەڵێت، گفتوگۆ نییە بۆ یەکگرتنەوە بەڵکو بۆ رێكکەوتنە.

پرسی گەرمی شەقامی پارێزگای سلێمانی گەڕانەوەی بەرھەم ساڵحی سەرۆکی ھاوپەیمانیە بۆ ریزەكانی یەكێتی، بەڵام ئەگەر ئەو یەکگرتنەوە رووبدات ئەوە تەنھا گەڕانەوەی یەک کەس نییە بۆ حزبەکەی پێشووی، بەڵكو ئێستا چەندین كادیر و ئەندامیان لە كوردستان ھەیە، كە بەشێكیان پێشتر یەكێتی بوون.

حەسەن بارام، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە گفتوگۆمان ھەیە لەگەڵ یەكێتی بۆ رێككەوتنی سیاسی، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش ھاوپەیمانێتییەكی بەھێز لە كوردستان و عێراق دروست بكەین. تائێستا قسە لەسەر یەكگرتنەوەی ھاوپەیمانی و یەكێتی نەكراوە. كۆبوونەوەمان بە كادیرانی خۆمان كردووە و پێمان راگەیاندوون كە ھاوپەیمانی بەردەوامە و پڕۆژەی خۆی ھەیە بۆ ئایندە".

کوردستان24 زانیوویەتی ئەگەر بەرھەم ساڵح و یەکێتی نەگەنە رێکكەوتن ئەوا ھاوپەیمانی بڕیاری بەشداریكردن ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەدات، چونکە تائێستا ناوی ئەو قەوارەیە لە سەر فۆڕمی دەنگدان ھەیە، بەڵام ئەندامێکی دیکەی ئەو قەوارەیە دوایین بڕیاری ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.

ھ.م