سوپای توركیا ھێرشێكی بەرفراوانی دژی پەكەكە دەستپێكرد

لە چەند ناوچەیەك ھێرشكراوەتە سەر گەریلاكانی پەكەكە

K24 - ھەولێر

سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان دژی ھێزەكانی پەكەكە دەسپێكرد.

ئاژانسی فوڕاتی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند: "سوپاى تورکیا بە ھاوبەشی لەگەڵ جەردەوانەکان لە ناوچە سنوورییەكانی شرناخی باكووری كوردستان، بە بەشداری زیاتر دوو ھەزار و 500 سەرباز و 300 جەردەوان، ئۆپەراسیۆنێكیان دژی گەریلاكانی پەكەكە دەستپێكردووە".

بە گوێرەی ئەو ئاژانسە: "ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا بە پشتیوانی تانك و زرێپۆشەكان و ھێلیكۆپتەرە سەربازییەكان لە دوێنێ ئێوارەوە دەستیپێكردووە و لەناوچەی بەستای سەر بە شرناخ ھێرشیان بۆسەر گەریلاكانی پەكەكە ئەنجامداوە.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر میدیاكانی پەكەكە بڵاویانكردبووەوە كە لەو ناوچەیە ھێرشیان كردووەتە سەر سوپای توركیا و ژمارەیەك سەربازی توركیایان كوشتووە. ھاوكات لە بەشێك لەناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان شەڕ لەنێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا بەردەوامە.

ھ.م