ژنانی كورد لە ئەمریكا پشتیوانی لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن

"ریفراندۆم بۆ دیاركردنی چارەنووسی ھەموو پێكھاتەكانی كوردستانە"

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا گرووپی ژنانی كورد لە ئەمریكا پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەردەبڕن و ھەڕەشە و ئاستەنگەكانی وڵاتانیش رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن، ریفراندۆم بۆ دیاركردنی چارەنووسی ھەموو پێكھاتەكانی كوردستانە و مافێكی یاسایی ھەموو گەلانە.

لەو راگەیەندراوەدا ھاتووە، ریفراندۆم مافێكی دیموكراتی و یاساییە بۆ بە دەستھێنانی خواستەكانی گەلی كوردستان كە تەباییە لەگەڵ یاسا پەسندكراوەكانی جیھان.

ژنانی كورد لە ئەمریكا دەڵێن: "سەرجەم ئەو ھەڕەشە و گوڕەشانەی کە لەلایەن دراوسێکانەوەو بە درێژایی مێژوو تەنگی بە کورد ھەڵچنیووە، ئیدانە دەکەین و داوا لەوانە دەکەین کە بۆ یارمەتیدانی چارەسەری بە قەیرانی رۆژھەڵاتی ناڤین كار دەكەن، دەست لە سیاسەتی دەستێوەردان لە ریفراندۆمی کوردستان ھەڵگرن".

 

دەقی راگەیەندراوی گرووپی ژنانی كورد لە ئەمریكا

ئێمە داوا لە نوێنەرەکانمان دەکەین کە پشتیوانی لە بەرێوەچونی رێفراندۆمی کوردستان بکەن.

ھۆکارەکانی ئێمە بۆ پشتیوانی:

1- رێفراندۆم مافێکی دێموکراتیک و بۆ وەدیھاتنی خواستەکانی خەڵکی کوردستانی عێراقە لە راستی دەنگی راستەوخۆی خەڵكدا لە ھەمبەر بابەتێکی سیاسیی، کە ھەمان مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆییە.

2- رێفراندۆم لەگەڵ رێوشوێنە یاساییەکانی پەسەند کراو لە کۆنگرەی ئەمریکادا لە ساڵی 1918دا، تەبایی ھەیە، بە گوێرەی ئەو پەسەند کراوانە رێفراندۆم مافێکی سەلمێنراوی ھەر نەتەوەیەکە بۆ ئەوەی کاروباری نێوخۆیی خۆی بەرێوەبەرێ.

3- پەسەندکراوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی 1945دا، پاش شەری دووھەمی جیھانی، تەنانەت یاسای بنەڕەتی عێراق، (مادەی 21)، مافی دیاری کردنی چارەنووس لە چوارچێوەی مافە نێوەنەتەوەییەکان و دیپلۆماسی دا بە فەرمیی ناسیوە. ھە روەھا ئەم یاسایە بە گوێرەی یاسای نێونەتەوەیی و بە گوێرەی پێوانە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی و سیاسیی ( ICCPR ) سەلمێنراوە.

4- لە کاتێکدا ئێمە بە قوڵی لە مافی بڕیاری خەڵکی کوردستان بۆ بەرێوەچوونی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە رەوتێکی یاسایی دا رێز دادەنێین، ئێمە لەو راستییە تێدەگەین کە راگەیاندنی سەربەخۆیی لەوانەیە خێراو بە پەلە نەچێتە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.

5- ئەو رێفراندۆمە نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ گشت پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بایەخدارە.

6- میراتی داگیرکاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێبەش کردنی کوردەکان لە مافی دیاری کردنی چارەنووس، بە پێی ئاکامی پەیماننامەی سایس ـ پیکۆ، ( پەیماننامەی ئاسیای بچووک 1916)، دەبێ کۆتایی پیبێت.

7- ئێمە سەرجەم ئەو ھەڕەشەو گوڕەشانەی کە لە لایەن دراوسێکانەوەو بە درێژایی مێژوو تەنگی بە کورد ھەڵچنیوە، مەحکووم دەکەین. ئێمە داوا لەوان دەکەین کە بۆ یارمەتیدانی چارەسەری بە قەیرانی رۆژھەڵاتی ناڤین، دەست لە سیاسەتی دەستێوەردان لە رێفراندۆمی کوردستان ھەڵگرن.

8- ئێمە باوەڕمان وایە کە داکۆکی لە بەرێوەچوونی رێفراندۆم بەشێک لە مافی بنەرەتی خەڵک بۆ دەنگدان، شکۆی مرۆڤایەتی، مافی خەڵک بۆ بڕیاردان لەسەر داھاتووی خۆیان و نەھێشتنی زوڵم و ستەم لەسەر نەوەو وەچەکانی داھاتوویانە.

 

گروپێک لە ژنانی کوردو ئەو ژنانەی کە لەگەڵ کوردەکانی وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا پەیوەندیان ھەیە.