شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات

گفتوگۆ لەبارەی ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكان دەكەن

K24 - ھەولێر

شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆ تاوتوێكردنی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكان، سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات.

لیوا ئەبوبەكر ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بە كوردستان24ی راگەیاند: "بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێك بكەن".

روونیكردەوە: "تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە ھەماھەنگی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان و مووچەی ھێزەكانی پێشمەرگە دەبێت".

سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان، لیوا ئەبوبەكر گوتی: "باس لەو پرسەش دەكرێت، بەڵام گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك بەھۆی تەواو نەكردنی پێكھاتەنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و پێكنەھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دواكەوتووە".

گوتیشی: "ئەو شاندەی وەزارەتی بەرگری عێراق كە سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكەن، بێگومان ئەوانیش پاكێجی خۆیان پێیە و ئێمە جارێ نازانین پاكێجەكەی ئەوانیش چی تێدایە".

لەلایەكی دیكە قارەمان كەمال، یاریدەری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە میدیاكانی عێراقی راگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق دەگەنە هەولێر و لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەدا تاوتوێی پێشڤەچوونەكان لەبارەی ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ھەڵسەنگاندنیش بۆ كارەكانی ئەو پێنج لیژنە ھاوبەشە دەكەن كە پێكھێندراون بۆ ئاسایش و دۆخی ناوچە كوردستانییەكان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی دەكرێ لیژنەی نوێ دروست بكرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر بۆ دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵی دووبارە پێكهێنانەوەی ئەو ژوورە هاوبەشەی پێشتر لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبوو لە ناوچە كوردستانییەكان‏ پێش ھاتنی داعش.

ھ.م