له ناوچه‌یه‌كی گۆی زه‌وی رۆژووگرتن زیاتر له 23 كاتژمێر ده‌خایه‌نێت
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی موسڵمانان، له پێش خۆركه‌وتنه‌وه تا خۆرئاوابوون، یه‌كه‌م رۆژی مانگی ره‌مه‌زانیان ده‌ستپێكردووه و ده‌ستیان له خواردن و خواردنه‌وه هه‌ڵگرتووه، سه‌ره‌ڕای چه‌ندین نه‌ریتی جیاوازی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه له‌و مانگه‌دا له‌گه‌ڵی ده‌ژین. به‌ڵام ماوه‌كانی ئه‌و به رۆژوو بوونه به گوێره‌ی وڵاتان جیاوازه‌و دانیشتووانی سه‌ر گۆی زه‌وی وه‌ك یه‌ك به رۆژوو نابن.
رۆژووگرتن له وڵاتانی باكووری گۆی زه‌وی به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه بازنه‌ی جه‌مسه‌ری باكوور، رۆژ زۆر درێژه و له هه‌ندێك ناوچه‌دا 24 كاتژمێر خۆر له چاوان وون نابێت.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی "ئیندپیندنت" بریتانی، له ناوچه‌ی باكووری وڵاتی فنله‌ندا، درێژی شه‌و تێیدا ته‌نها 55 خوله‌كه، بۆیه ئه‌گه‌ر موسڵمانان له‌و ناوچه‌یه هه‌بن و به رۆژووبن، به گوێره‌ی بنه‌ماكانی ئایینی ئیسلام ده‌بێت ماوه‌ی 23 كاتژمێر و 5 خولهك به رۆژووبن.
موسڵمانانی وڵاتانی سكه‌نده‌ناڤی، زۆرترین ماوه به رۆژوو ده‌بن، له وڵاتی نه‌رویج رۆژوه‌وان 19:48 كاتژمێر ناتوانن نان و ئاو بخۆن، له كاتێكدا موسڵمانێك له ئایسله‌ند 21 كاتژمێر به رۆژوو ده‌بێت.
كه‌سێك به ناوی محه‌مه‌د به رۆژنامه بریتانییه‌كه‌ی گوتووه" كاتێك به خزم و كه‌سه‌كانی خۆمم گوتووه من له رۆژێكدا ماوه‌ی زیاتر له 20 كاتژمێر به رۆژوو ده‌بم، خزمانم له به‌نگلادیش زۆریان به‌لاوه سه‌یر بووه!".
به‌ڵام زۆرێك له موسڵمانانی وڵاتانی دیكه بۆ رۆژووگرتن و رۆژووشكاندن په‌یڕه‌وی له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یان نزیكترین وڵاتی موسڵمان ده‌كه‌ن كه لێیانه‌وه نزیكه. بۆ نموونه توركیا هه‌ر چه‌نده له‌م وه‌رزه‌دا رۆژ درێژتره له شه‌و، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی 23 كاتژمێر ده‌بێت به رۆژووبن، په‌یوه‌ستبوون به توركیاشه‌وه فریادڕه‌سێكی باشه بۆیان.