وەزیری پەروەردە دڵنیایی دەداتە قوتابیان

تاقیكردنەوەكانی پۆلی 9 و 12 دەستیپێكرد

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ئامادەیی و 9 بنەڕەتی بۆ خوولی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵ لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد و وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستانیش قوتابیان دڵنیا دەكاتەوە كە پرسیارەكان پارێزراون و ئەوەی دەگوترێت تەنھا پڕوپاگەندەیە و ساڵانە دەكرێت.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "زیاتر لە چوار ھەزار ھۆڵی تاقیكردنەوە بۆ قوتابی و خوێندكارانی ھەردوو قۆناخی 9 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی ئامادەكراون، ھەروەھا زیاتر لە 25 ھەزار مامۆستا پرۆسەی سەرپەرشتیاری و چاودێری تاقیكردنەوەكان بەڕێوەدەبەن".

لە وەڵامی پرسیارێكی ھێرۆ مەولودی پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی دەنگوی ئاشكرا بوونی پرسیاری تاقیكردنەوەكان كە ساڵانە باسی لێوەدەكرێت، پشتیوان سادق گوتی: "وەك نەریتێكی ساڵانە ئەو قسە و قسەڵۆكانە ھەن، با قوتابیان دڵنیابن ئەو قسانە ھیچ بنەمایەكی نییە و ھیچ پرسیارێك ناچێتە دەرەوەی ھۆڵەكانی خوێندن، ئەوەی دەگوترێ تەنھا پڕوپاگەندەیە".

گوتیشی: "ئەوەی بەلای ئێمە مایەی خۆشحاڵییە ئەمڕۆ لە سنووری ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان لە یەكاتدا تاقیكردنەوەكان بەڕێوەدەچن و تارادەیەكی باش كێشە و گرفتەكانی پەروەردە چارەسەر كراون و پێداویستی بۆ ھۆڵەكانی خوێندن ئامادەكراوە".

ھ.م