باشووری کوردستان قادر حەمەجان: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گەلی كوردستانە

قادر حەمەجان: ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گەلی كوردستانە

K24 - سلێمانی

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حاكم قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا یەكێتی نوێنەری خۆی بۆ لیژنەی ریفراندۆم دیار دەكات.

گوتیشی: "وەك كورد ھەمووكات ژێردەست و مەزڵوم بووینە لە عێراق، لەسەرەتایی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، گەلی كورد دوور لە ویست و ئارەزوو بە زۆر لكێندراوین بە عێراقەوە، لەبەر ئەوە لەوكاتەوە تا ئێستا گەلی كورد لە خەبات و تێكۆشان بووە".

حاكم قادر راشیگەیاند: "لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی ئەو بڕیارەمان چەسپاندووە كە ریفراندۆم بۆ فشار بەكار ناھێنین، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گەلەكەمانە كە مافێكی حاشا ھەڵنەگرە بۆ گەلی كورد لە باشووری كوردستان".

لەبارەی كاراكردنەوە پەرلەمان، قادر حەمەجان گوتی: "كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی بتوانێ سەرجەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان، لە چوارچێوەی یاسادا دابڕێژێتەوە كارێكی گرنگ و پێویستە، بۆیە ئێمە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەبەستینەوە".

ئەو ئەندامەی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرای كرد، لە چەند رۆژی داھاتوودا یەكێتی نوێنەری خۆی بۆ لیژنەی ریفراندۆم دیار دەكات، ھەروەھا بە مەبەستی ھەوڵدان بۆ چارەسەری دۆخی ھەرێمی كوردستان یەكێتی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆدەبێتەوە.

9. sidebar1_home_page