پەكەكە ئەمەریكا بە پارچەكردنی كورد تۆمەتبار دەكات

"ئەمەریکا دەیەوێت پەکەکە و یەپەگە دژایەتی یەکتری بکەن"

K24 - ھەولێر

بەرپرسێكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئاشكرای دەكات، ئەمەریكا دەیەوێ یەپەگە و پەكەكە بخاتە دژایەتیكردنی یەكتری و كورد پارچە بكات.

مستەفا كاراسو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی فرات نیوزی نزیك لە پەكەكە رایگەیاند "ئەمەریكا دژی سێ بەرپرسی پەكەكە بڕیارێكی بێ رەوشتانە و بێ ویژدانانەی داوە و سیاسەتێكی دووفاقی پەیڕەو دەكات، ئەمەریكا بەو سیاسەتە دەیەوێ كوردانی رۆژئاوای كوردستان و پەكەكە لێك دوور بخاتەوە و بیانخاتە دژی یەكتری".

راشیگەیاندووە: "ئێمە رێگە بەوە نادەن ئەمەریكا كورد پارچە بكات".

ئەمە لە كاتێكدایە رۆژی 6/11/2018، چەند سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، ئه‌مه‌ريكا 5 مليۆن دۆلار ده‌داته‌ هه‌ر كه‌سێك زانيارى له‌ باره‌ى موراد قه‌ره‌يلان  و 4 مليۆن دۆلار بۆ هه‌ر كه‌سێك زانيارى سه‌باره‌ت به‌ جه‌ميل بايك و 3 مليۆن دۆلار بۆ هه‌ر كه‌سێك زانيارى له‌ باره‌ى دوران كالكان بداته‌ حكوومه‌تى ئه‌مه‌ريكا به‌ مه‌به‌ستى ده‌ستگيركردنيان.