توركیا 8 هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان راده‌ستی سوپای سووریای ئازاد ده‌كات

"ئێمه‌ كۆپییه‌كی پاسپۆرته‌كانمان دایه‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا و زانیارییه‌كانیان له‌سه‌ر ئێمه‌ پشتڕاست كرده‌وه‌ به‌ڵام گوێیان پێ نه‌داین و ئێمه‌ی راده‌ستی سوپای ئازاد كرد"

K24- هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌كی فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران،‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 8 په‌نابه‌ری كوردی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیاوه‌ راده‌ستی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كراون، كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێن و ناویان له‌خۆناوه‌ "سوپای سووریای ئازاد".

وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا دهاتووه‌، شێرزاد كه‌ریم ئه‌حمه‌د كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و 8 په‌نابه‌ره‌ كورده‌، به‌ فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی راگه‌یاندووه‌، "له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی گومرگی ئیسته‌مبوڵه‌وه‌ ده‌ستگیركراوین و دوای 8 شەو مانەوەمان لەگرتوخانەكانی توركیا و، پاش ئاشكراكردن و پێدانی كۆپیەكی پاسپۆرتەكانمان، كە ئێمە هاووڵاتی عێراقین و دانیشتوی هەرێمی كوردستانین، بەڵام بێ گوێدانە ناسنامەی ئێمە بەشێوەی زۆرەملی بەیانی ئەمڕۆ ٢١ی نیسان كاتژمێر ١٠ له‌ خاڵی سنووری "بابل الهوای" ڕادەستی هیزەكانی سوپای ئازاد كراین".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ له‌ ڕێگه‌ی فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانه‌وه‌ داواشی له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌، هاوكاریان بكرێت بۆئه‌وه‌ی بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌یاننامه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، "بەمەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو پەنابەرە كوردانه‌، فیدراسیۆنی په‌نابه‌ران دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سوریا و هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان".

ناوی ئەو پەنابەرانەی كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ راده‌ستی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كراون:

١- ئەلەند رەزا محمد امین / موالید ١٩٩٧  پارێزگای سلێمانی

٢-ئالان دڵشاد ڕەوف / موالید ١٩٩٥ پارێزگای سلێمانی

٣- شێرزاد كەریم ئەحمد / موالید ١٩٩٢ پارێزگای سلێمانی

٤-بەشدار قادر حەمە / مووالید ١٩٩٥  پارێزگای سلێمانی

٥-محمد صاڵح حمەڕەشید / موالید ١٩٩٩ پارێزگای سلێمانی

٦-بەشیر صابر غفور  / موالید ١٩٩٥ پاریزگای هەولێر

٧-سیداد احمد سعید / موالید ١٩٩٧ پارێزگای هەولێر

٨- ڕێبین مصط فی عمر / موالید ١٩٨٩  پاریزگای هەولێر

H.B