یان ئۆبلاک ریکۆردێکی مێژوویی لە لالیگا تۆمار کرد
یان ئۆبلاک گۆڵپارێزەکەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانیا لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا لە گەڕی 29ی لالیگا جارێکی دیکە توانی پارێزگاری لە گۆلەکەی بکات و ریکۆردێکی مێژووییشی بە ناوی خۆیەوە نوسیەوە.
ماڵپەری ئۆپتای تایبەت بە ئامارەکان بڵاویکردووە گۆڵپارێزەکەی رۆخێ بلانکۆس بووە یەکەم گۆڵپارێز لە مێژووی لالیگا بە کەمترین یاریی 100 کلین شیت تۆمار بکات، ئۆبلاک لە کۆی 182 یاریی لەگەڵ یانەکەی مەدریدی پایتەخت توانی ئەو ریکۆردە نوێیە تۆمار بکات کە پێشتر ریکۆردەکە بە ناوی میگێل رێینا گۆڵپارێزی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو کە توانی بووی لە 222 یارییدا 100 کلین شیت تۆمار بکات.
یان ئۆبلاک لە زستانی ساڵی 2014ـەوە یاریی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و لەم وەرزەی رکابەرییەکانی لالیگا بەشداری 22 یاریی کردووە و 19 گۆڵی لێکراوە و هەروەها 12 یاریی گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتووەتەوە.