قوربانیانی 16 ئۆكتۆبەر سكاڵا تۆمار دەكەن

پارێزەر بۆ ئەو كەسانە دابین دەكرێت كە سكاڵا تۆمار دەكەن

K24 - ھەولێر

سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەن لەڕووی یاساییەوە پارێزەر بۆ ئەو کەسانە دابین بکەن، کە لەلایەن هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکووك و خورماتوو پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان تەواوی ئەو کەیسانە لە ئەستۆ دەگرن، کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاراستەیان دەکرێت لەسەر ئەنجامدانی پێشێلکاریی بەرامبەرییان.

كاكە رەسوڵ، جێگری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە وەك سەندیكای پارێزەران ئامادەیین بۆ كەیسی ھەر ھاووڵاتییەك كە بەھۆی ھێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر كەركووك و خورماتوو زیانیان بەركەوتووە،  ھەركاتێك خۆیان سكاڵا تۆمار بكەن، ئێمە پارێزەریان بۆ دابین دەكەین".

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، لە ھەولێر بۆ تاوتوێكردنی رووداوەكانی 16ئۆكتۆبەر كۆبووەوە. بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە تۆماركردنی سكاڵا بووە لەسەر ئەو كەسانەی دەستیان لە رووداوكە ھەبووە.

لە 16 ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، كەركووك و خورماتوو، لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق داگیركران، لەكاتی چوونی ھێزەكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە دەستیان كرد بە گرتن و كوشتنی ھاووڵاتیانی كورد و تاڵان و سوتاندنی ماڵەكانیان.

ھ.م