ئەمەریکا و رووسیا لەسەر سەقامگیری بازاڕی نەوت رێکدەكەون

ترەمپ و پوتین پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

K24 - ھەولێر

کۆشکی کرێملن رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و فلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، و لە پەیوەندییەکەیاندا رێککەوتوون گفتوگۆ لەنێوان وەزیرانی هەردوو وڵات لەبارەی بازاڕی نەوتی جیهان و سەقاگیربوونی دەست پێبکات.

ئەو رێککەوتنەش بە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ لە بازاڕی نەوتی جیهان دادەندرێت، دوای ئەوەی وڵاتانی هەناردەکاری ئۆپێک پڵەس شکستیان هێنا لە سەقامگیرکردنی بازاڕ، و دوای ئەوەش جەنگی نرخ لە نێوان رووسیا و سعوودیە هەڵگیرسا.

لە لایەکی دیکەشەوە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا نرخی نەوتی زیاتر دابەزاند و بۆ کەمترین ئاستەکانی دوو دەیەی رابردووی نزیک کردەوە، کە ئەوەش هەڕەشەیە مایەپووچبوونە بۆ سەر کۆمپانیا نەوتییەکان کە تێچووی بەرهەمهێنانیان بەرزە بە تایبەت لە ئەمریکا.

کرێملن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رایگەیاند، لەبارەی بازاڕی نەوت دیدگای هەردوولا تاوتوێ کرا، رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنی گفتووگۆ لەنێوان وەزیرانی وزەی رووسیا و ئەمەریکا.

لە بەرامبەردا جاد دێر گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا و ئەمەریکا رێککەوتوون لەسەر سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوتی جیهان.