گۆڕان نەیتوانی خۆی یەكلا بكاتەوە

ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە ئاشكرا ناكرێت

K24 - سلێمانی

دوای دوو رۆژ كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان نەیتوانی بڕیار لەبارەی بەشداریكردن لە كارا كردنەوەی پەرلەمان بدات.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆتاییھات و بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەمڕۆش گۆڕان نەتوانی بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات بۆ بەشداریكردن لە كارا كردنەوەی پەرلەمان".

گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ راگەیەندراوێك لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بڵاوناكاتەوە و دوا ھەڵوێستیان راناگەیەنن، بڕیارە سبەش گۆڕان جارێكی دیكە كۆببێتەوە".

دوای ئەوەی لە 12 ئەم مانگە شاندی ھاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە مەبەستی بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوە، دواتر گۆڕان چەند كۆبوونەوەیەكی ناوخۆی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا دوا بڕیاری لەو بارەوە نەداوە.