وڵاتێك خانووی تارماییه‌كان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
حكوومه‌تی ژاپۆن بێبه‌رامبه‌ر ملیۆنه‌ها خانوو به‌سه‌ر هاووڵاتیانیدا دابه‌ش ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ نیشته‌جێكردنی هاووڵاتیان له‌ناو خانوانه‌ی كه به "خانووی تارماییه‌كان" ناسراون و ماوه‌یه‌كی دوور و درێژه له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كانیان چۆڵكراون.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانی ئه‌و وڵاته، دانیشتوانی ره‌سه‌نی ئه‌و خانوانه پێشتر خانووه‌كانیان چۆڵكردووه، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه به بڕوای خۆیان ئه‌و خانوانه "نه‌فره‌ت لێكراون"، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه چه‌ندین جار كرده‌وه‌ی خۆكوشتن له‌ناو دانیشتوانی ئه‌و خانوانه دووباره بووه‌ته‌وه.
له هه‌ندێك له حاڵه‌تیشدا ئه‌و خانوانه به‌هۆی ئار‌زووی خاوه‌نه‌كانیان بۆ درێژه‌دان به ژیانیان له شاره‌كان چۆڵكراون و زۆربه‌ی ئه‌و خانوانه له گوند و دێهاته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ن.
حكوومه‌تی ژاپۆنیش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نیشته‌جێكردنی خێزانه بێ جێگا و رێگاكان، ئه‌و خانوانه ده‌به‌خشێته خه‌ڵكه‌كه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك له دابینكردنی ژیانێكی نوێ یارمه‌تییان بدات و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ئه‌و نه‌ریته بنبڕ بكات، كه باس له بوونی "خانووی تارماییه‌كان" ده‌كات و وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، "حكوومه‌ت پشتیوانی ماددی ئه‌و خێزانانه‌ش ده‌كات، كه بیانه‌وێت له‌ناو ئه‌و خانوانه‌ی نیشته‌جێ ببن و خانووه كۆنه‌كانیش بۆیان نۆژه‌ن ده‌كاته‌وه".
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكوومه‌تی ژاپۆن دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌یه‌ك هاتووه، كه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، تا ساڵی 2033 ژماره‌ی "خانووی تارماییه‌كان" له‌و وڵاته ده‌گاته 20 ملیۆن یه‌كه، كه هاوتایه به رێژه‌ی 30%ی سه‌رجه‌م یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون له ژاپۆن.
H.B