"زۆری ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەكان ھۆكارن بۆ پیسبوونی ژینگەی كوردستان"

لە رۆژی ژینگە چەند چالاكییەك لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەبۆنەی رۆژی ژینگە ئەمڕۆ لە شار و شارۆچكەكانی ھەرێمی كوردستان چەندین چالاكی بەڕێوەدەچن. دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەش، زۆری ئۆتۆمبێل و پاڵاوگەكان بە ھۆكاری پیسبوونی ژینگەی كوردستان دەزانێت.

ھێمن حوسێن، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "دەستەی چاككردن و پاراستن ژینگە لە ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان رێوڕەسمێك لە ھەولێر رێكدەخات و تێیدا سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەدەبن و چەند چالاكییەك ئەنجامدەدرێن".

ھەندرێن شێخ راغیب، وتەبێژی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "ماوەی ھەفتەیەكە چالاكییەكانی ژینگەپارێزیمان بەو بۆنەیەوە دەستپێكردووە و ئەمڕۆش رێوڕەسمێكی بەرفراوان لە ھەولێر رێكخراوە، بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە بواری ژینگە بدرێت".

گوتیشی: "لە چالاكییەكانی ئەمساڵدا زیاتر جەخت لەسەر پیس بوونی ھەوا دەكەینەوە، چونكە بەپێی داتاكان ھەوای ھەرێمی كوردستان لەبەردەمی مەترسیی پیسبوون دایە. بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆ ملیۆنێك و 700 ھەزار ئۆتۆمبێل لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، نزیكە 7 ملیۆن لیتر بەنزین لە شەو رۆژێكدا لە ھەرێمی كوردستان دەسوتێنرێت، ھەروەھا نزیكەی 5 ھەزار موەلیدەی كارەبایی ھەیە، ھاوكات 200 پاڵاوگەی یاسایی و نایاسایی سوتەمەنی ھەن، جگە لە كارگەكان ژینگەی ھەرێمی كوردستان بەرگەی ئەو ھەموو ھەوا پیسە ناگرێت"

راشیگەیاند: "ئێمە دژی گەشەكردنی ئابووری و كاسبی خەڵك نین، بەڵام ناكرێ گەشەكردنی ئابووری لەسەر حسابی ژینگە و تەندروستی خەڵكی ھەرێمی كوردستان بێت، بەڵكو دەبێ باڵانسێك ھەبێت".

وتەبێژی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگە ئاشكرای كرد: "بەبۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان ئەمڕۆ سێ پڕۆژە لەو بوارە رادەگەیەندرێن".

لەلایەكی دیكە ئیسلام یوسف، پەیامنێری كوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند: "ئەمڕۆ بەبۆنەی رۆژی ژینگە لە ھەڵەمەتێكدا ناوچە گەشتیاریی و سەیرانگاكان لە سنووری قەزای زاخۆ پاك دەكرێنەوە، ھاوكات رێنمایی گەشتیار و ھاووڵاتیان دەكرێت كە لەكاتی گەشت و سەیران ناوچە گەشتیارییەكان بپارێزن".

ھاوكات لەشاری سلێمانی چەند چالاكییەك بەبۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان بەڕێوەدەچن، ھەندێك لە قوتابخانەكان لەم رۆژەدا ھەڵمەتی پاككردنەوە ئەنجامدەدەن، ئەمەش بە مەبەستی راھێنانی قوتابیان بۆ ئەوەی لە دوا رۆژدا فێری پاراستنی ژینگە بن.

ھێمن دەلۆ، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "لە قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی لە كەركووك، بەبۆنەی رۆژی ژینگەی كوردستان ھەڵمەتی ھۆشیاركردنەوە بەڕێوەدەچێت".

ھ.م