زانیاری نھێنی لە كۆبوونەوەی شاندە حزبییەكە و عەبادی ئاشكرا دەكرێت

شاندەكەی گۆڕان و كۆمەڵ و ھاوپەیمانی داوایەك لە عەبادی دەكەن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a762091f-6770-4203-871f-2c37007bd012/010918AGY.ism/manifest

K24 - ھەولێر

په‌رله‌مانتارێكی نزیك لە حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، زانیاری نهێنی ده‌رباره‌ی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی شانده‌ حزبییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپەیمانی ئاشكرای ده‌كات، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە شاندەكە له‌ به‌غدا و له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گەڵ عه‌بادی، داوایان لێكردووه‌ ته‌نیا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پارێزگای سلێمانی ره‌وانه‌ بكات، نه‌ك فه‌رمانبه‌رانی ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتارە ده‌شڵێت، ھەوڵوێستی ئه‌و حزبانه‌ له‌باره‌ی ریفراندۆم و رووداوه‌كانی 16 ئۆكتۆبه‌ر نزیكبووه‌ له‌ به‌غداوه‌.

جاسم محەممەد جەعفەر، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا بە كوردستان24 راگەیاند: "پێموانییە شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و ھاوپەیمانی، کە سەردانی بەغدایانکردبوو، راوبۆچوونەکانیان گوزارشت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات، شاندەکە لەبارەی رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانی گفتوگۆیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە و داوایانکردووە بە پەلە رەوانەی بکات، ئەمەش شتێکی ئاساییە، چونکە پارێزگای سلێمانی لیستی مووچەخۆرانیان ئامادەیە بە پێچەوانەی هەولێر و دهۆك، هەروەها باسیان لە بوونی ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی کەرکووك کردووە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوانە گوزارشت لە شاندی حزبی دەکەن، نەك هەرێمی کوردستان".

گوتیشی: "بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دوو حزبی نزیك لە حکومەتی عێراقن، چونکە ئەوان هەڵوێستیان بەرامبەر بە ریفراندۆم و رووداوەکانی کەرکووك هەمان هەڵوێستی عێراق بووە، هەر ئەمەش وایکرد سەرۆك وەزیران لەگەڵیان کۆببێتەوە، چونکە لەگەڵ حزبەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆنابێتەوە، ئەگەرچی دوایانکردووە، ئێمە وەکو دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەی ئیسلامی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گۆڕان و کۆمەڵ نزیکین، دوای هەڵبژاردنەکانیش هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پێکدەهێنین".

رۆژی 4/1/2018، شاندێکی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێكی عێراق كۆبوونەوە، ئەمەش كاردانەوەی لە ھەرێمی كوردستان لێكەوتەوە و بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان و چاودێرانی سیاسی، رەخنە لە چوونی شاندی حزبی بۆ بەغدا دەگرن و پێیانوایە ھەر گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغدا دەبێ لە رێگەی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بێت.