هاوپه‌يمانى نێوده‌وڵه‌تى: پێشمه‌رگه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك ئاماده‌يه‌ و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ين

ئەمریکا یارمەتی پێشکەشدەکات تا ئامادە بێت بۆ قۆناخی دوای داعش
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ (واڵتەر پایت) تایبەت بە (کوردستان 24) رایگەیاند، "کاردەکەين بۆ ئامادەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ هەر ئەگەرێک, چونكه‌ پێشمەرگە هێزێکی کاریگەرە. ئەمریکا یارمەتی پێشکەشدەکات تا ئامادە بێت بۆ قۆناخی دوای داعش".

هاوکات بەشێک لە فەرماندەی هێزە بیانییەکان لە هه‌رێمى کوردستان پێیان وایە هێشتا مەترسی داعش ماوە، بە تایبەتیش لە "ناوچە جێناکۆکەکان".

ئێستا سەرکردایەتیی سه‌نته‌رى راهێنانى هێزى پێشمه‌رگه‌ لە ئەڵمانیاوە دراوە بە ئیتاڵیا و لەگەڵ ئەوەشدا خراوەتە ژێر چەتری هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.

جەنەراڵ (واڵتەر پایت)، جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا گوتيشى: "ئەو سەنتەرە هاتە ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی. ئەمە باشترە بۆ ئەوەی هاوکارییەکان خێراتر و باشتر بکەین، هێزەکانی پێشمەرگە خاوەن ئەزموونی باشن، ئەوان هەمیشە ئامادەن بۆ هەر ئەگەرێک، بەڵام پێویستیيان بە راهێنان و چەکی باشترە، پێشمەرگە رۆڵی مەزنی هەبوو لە بەزاندنی داعش، ئێمە شانازی بەوانەوە دەکەین، ئێمە ئێستا پێویستە راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە بکەین و ئامادەیان بکەین بۆ هەر ئەگەرێک".

هه‌روه‌ها گوتى: "هاوکاری جياجيامان پێشکەشی پێشمەرگە کردووە و چەکی جۆراوجۆرمان داونەتێ. ئۆتۆمبێلی سەربازی باشمان پێداون و راهێنانمان پێکردوون". 

بەرپرسی پێشووی سەنتەری راهێنان و هەماهەنگیش، دەڵێ: "هێشتا داعش لە عێراقدا ماوە و ئاماژەش بە مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە دەکات لە ناوچە جێناکۆکەکان".

کۆڵۆنێڵ (ئەندریاس ستانهاوس)، بەرپرسی پێشووی سه‌نته‌رى راهێنان و هه‌ماهه‌نگی ئه‌وه‌شى گوت: "ناتوانم بڵێم مەترسی داعش نەماوە، راستە داعش لەرووی سەربازییەوە بەزێندراوە، بەڵام لە راستیدا داعش هێشتا رێکخراوێکی چالاکە بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، پێویستە لەو ناوچانە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت، هەرچۆنێک بێت ئێمە راهێنان بە پێشمەرگە دەکەین تا ئامادەی هەر ئەگەرێک بن".

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌، (رۆبەرتۆ ڤاناچی)، بەرپرسی راهێنان لە سەنتەری هەماهەنگی و راهێنانی کوردستان گوتى: "ئێمە دەزانین، کە داعش لە رووی سەربازییەوە بەزێندراوە، بەڵام بە تەواوەتی داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە، ئێمە پێویستە داعش بە تەواوی کۆتایی پێبهێنین، بۆ ئەمە هاوکارییەکانمان لەگەڵ پێشمەرگە درێژە پێدەدەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە ئەگەری پەیدابوونی رێکخراوی هاوشێوەی داعش ئەو هێزانە ئامادە بن، ئێمە چەکدارکردن و راهێنان بە هەمان پرۆسە دەبینین، ئەوە بۆ ئێمە گرینگە بۆیە ئێمە ئەم سەنتەرەمان لە لایەن چەندین وڵاتەوە بە مەبەستی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێکهێناوه‌ و ئامانجی سەرەکییش ئامادەکردنی پێشمەرگە بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش".