یەکێک لە گومانلێکراوەکانی کوشتنی خاشقچی گیانی لەدەستدا

یەکێک بووە لەو 18 کەسەی چۆتە ناو کونسوڵخانەکە

K24 – هه‌ولێر:

یەکێک لەو کەسانەی گومانی کوشتنی جەمال خاشقچی لێدەکرا بە شێوەیەکی گوماناویی لە "رووداوێکی هاتووچۆدا" گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، ماشال سەعد ئەلبۆستامی تەمەن 31 ساڵ، ئەفسەر لە سوپای شاهانەی ئاسمانیی سعوودی، یەکێکبووە لەو 15 کەسەی رۆژی دیارنەمانی خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ بەفڕۆکە گەشتبووە تورکیا، بەڵام بە رووداوێکی هاتووچۆ لە ریازی پایتەختی سعوودییە گیانی لەدەستداوە.

تاکو ئێستا نازاندرێت رۆڵی ئەو ئەفسەرە لە دیارنەمانی یاخود کوژرانی رۆژنامەنووسە سعوودییەکە چیبووە، بەڵام ئەوە ئاشکراکراوە، ماشال لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستداوە و زانیاری زیاتریش لەو بارەیەوە ئاشکرانەکراوە.

لە 2ی تشرینی یەکەم و دوای سەردانکردنی کونسوڵخانەی سعوودییە، خاشقچی دیارنەماوە، دیارترین سیناریۆش کە تاکو ئێستا لەسەری بڵاوکرابێتەوە ئەوەیە، ئەو رۆژنامەنووسە لەناو کونسوڵخانە کوژراوە و پاشان بەشێوەیەکی نهێنی لاشەکەی رەوانەی دەرەوەی کونسوڵخانە کراوە.

خاشقچی یەکێک بووە لە رۆژنامەنووسە رەخنەگرەکان و دژی سیاسەتی سعوودییە وەستاوەتەوە.

H.J