پیاوێك لە سەیدسادق تەقە لە ھاوسەرەكەی دەكات

پۆلیس: تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە

K24 - سلێمانی

پیاوێك لە قەزای سەیدسادق بە دەمانچە تەقەی لە ھاوسەرەكەی كرد و برینداری كرد، دواتر لەلایەن ھێزەكانی پۆلیس دەستگیركرا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی ئێوارەی 14/10/2018، هێزەكانی بەشی پۆلیسی سەید سادق  ئاگاداركرانەوە لە بوونی رووداوێكی تەقەكردن لە شارۆچكەی سەیدسادق، دەستبەجێ‌ هێزەكانی بنكەی پۆلیسی حەسارە و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە تۆمەتبار (و ، ح ، ع) بەڕەگەز عەرەب لەدایكبووی  ساڵی 2000 و فیشەكێكی ناوە بەسەری هاوسەرەكەیەوە. پاشان لەلایەن تیمە فریاگوزارییەكانەوە برینداری رووداوەكە، كە هاوسەری تۆمەتبارەكەیە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كرا بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە توانرا لەكەمترین ماوەدا تۆمەتباری روداوەكە كە ویستبووی لەدەست یاسا هەڵبێت دەستگیربكرێت.لە ئێستاشدا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەرو بەپێی ماددەی 406-31 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دەستیش گیراوە بەسەر دەمانچەكەیدا، لەلایەن بەشی پۆلیسی سەید سادق- بنكەی پۆلیسی حەسار پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە".