هه‌واڵگری رووسیا: 1500 چه‌كداری داعش گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌وروپا
K24 – هه‌ولێر:
به‌ڕێوبه‌ری ده‌زگای هه‌واڵگری رووسیا، ئه‌لیكسه‌نده‌ر بۆرتنیكۆڤ، رایگه‌یاند، نزیكه‌ی 1500 چه‌كداری داعش گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌وروپا و ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌ی تیرۆریستی.
بورتنیكۆڤ، له میانی كۆنگره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی، راشیگه‌یاند، په‌یكه‌ری نێوده‌وڵه‌تی تیرۆر، زۆر پشت به‌و چه‌كداره بیانیانه ده‌به‌ستێت، كه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌وروپا.
گوتیشی: ئه‌وان ئێستا ئاماده‌ن بۆ هه‌ر جۆره كرده‌وه‌یه‌ك. چونكه ئه‌زموونێكی زۆریان له شه‌ڕ و درووستكردنی كه‌رسته‌ی تیرۆریستی به‌ده‌ستهێناوه.
روونیشیكرده‌وه، 5 هه‌زار چه‌كدار له ئه‌وروپاوه خۆیان گه‌یاندبووه گۆڕه‌پانه‌كانی شه‌ڕ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ئێستا 1500 چه‌كداریان گه‌ڕاونه‌ته‌وه ئه‌وروپا.
ئاماژه‌شی كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی داعش گورزی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و رێكخراوه توانای خۆی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی و رێكخستنه‌وه‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای تۆڕی جیاجیا له‌ده‌ست نه‌داوه.
سه‌رچاوه: روسیاالیوم
ئ.ر