حدكا: ھێزێكی ھاوبەشی حەشدی شەعبی و پاسداران بەرەو كۆیە جوڵەیان كردووە

"لە دوای پرۆسەی ئەنفالەوە یەكەمجارە ھێزەكانی عێراق بچنە ناو ناحییەی شوان"

K24 - ھەولێر

محەمەد نەزیف قادری، ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ ھێزێكی ھاوبەشی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران، لە ناوچەی شوانی كەركووكەوە بەرەو تەقتەق جوڵەیان پێكراوە".

گوتیشی: "ئەو ھێزانەی بەرەو كۆیە جوڵێندراون ئەو ھێزانەن كە بەشداریان لە شەڕی دوێنێی پردێ كردووە، ھاتنی ئەو ھێزانە بۆ زیانگەیاندنە بە ھێزەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان كە بنكە و بارەگاكان لەوێن، لەگەڵ گەیشتنی زانیارییەكان ئێمە چەند لایەنێكمان ئاگادار كردووەتەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە دەستێوەردانمان لە كاروباری ناوخۆی عێراق و ھەرێمی كوردستان نەكردووە و بارەگا و ھێزەكانی ئێمە دوورن لەو ناوچانەی كە ئێستا شەڕی ھێزەكانی عێراقی و پێشمەرگەی لێدەكرێت".

عومەر ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحییەی تەقتەق بە كوردستان24 گوت: "ھاووڵاتیانی تەقتەق  و ناوچەكە دڵنیا دەكەینەوە مەترسی لەسەر ناوچەكە نییە و تەنھا ھێزێكی پۆلیسی عێراقی و چەند ھەمەرێكی سەربازی لە ناحییەی شوانەوە تا نزیك پردی شیوە سوور ھاتوون، لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆوە ئەو ھێزە لەوێوە گەڕاوەتەوە و ھێزی پێشمەرگەش لەسەر رێگەیان وەستاون و رێگەنادەن ئەو ھێزە بێتە سنوورەكە".

بە گوێرەی زانیارییەكان، لە دوای پڕۆسەی ئەنفالەكانی لە ساڵانی ھەشتاكانی سەدەی رابردوو، ئەمە یەكەم جارە ھێزەكانی عێراق بچنە ناوچەی شوان و دەوروبەری، ئاسایشی یەكێتیان ئاگاداركردووەتەوە كە ناوچەكەیان بۆ بە جێ بھێڵن.