ئاژانسێكی توركی: ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناخی خۆ ژیاندن

"بەرووبوومەکان زیاترن لە خواست"

K24 - ھەولێر

ئاژانسی ھەواڵی ئەنادۆڵی توركی لە راپۆرتێكدا لەبارەی بەروبوومی كشتوكاڵی ھەرێمی كوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو، لەئێستادا ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناخی خۆ ژیاندن و بەرھەمەكانی بۆ عێراق دەنێرێ و زۆبەی بەرھەمە كشتوكاڵییەكانیش لە شاری مووسڵ دەفرۆشرێت.

ئەنادۆڵ نووسیویەتی: "ئێستا وەرزی پێگەیشتنی بەرووبوومی کشتوکاڵییە و هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا چووتە دۆخی خۆژیاندن بە جۆرێک کە رۆژانە بەشێکی زۆر لە بەرووبوومەکانی ناوخۆیی، رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت بە تایبەت شاری مووسڵ چونکە بە هۆی داگیرکردنی ئەو شارە لە لایەن داعش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ ئەوا پڕۆسەی چاندن و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ بە هەموو شێوەیەک وەستابوو، ئێستاش بە هۆی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو شارە و گەڕانەوەی بەشێکی خەڵکەکەی، ئەوا رۆژانە رێژەیەکی زۆر لەو بەرووبوومە کشتوکاڵییانە لە هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ئەو شارە دەکرێتی.

رەجەب عەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی عەلوە بەو ئاژانسە توركیەی رایگەیاندووە: "لەبەر ئەوەی وەرزی پێگەشیتنی بەرووبوومی خۆماڵییە بۆیە بۆ هەموو شارەکانی عێراق دەڕوات، دەتوانم بڵێم لە بابەتی پەتاتە و تەماتە و ئارو و بابەتەکانی دیکە، رۆژانە نزیکەی سێ هەزار تۆن سەوزە و میوە رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکڕێت، بەڵام بە تەنها بۆ شاری مووسڵ رۆژانە لە 300 تا 400 تۆن بەرووبوومی خۆماڵی رەوانەی دەکرێت".

راشیگەیاندووە: "بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ زۆر باش بوو، دوای زیادکردنی ئەو باجە لەسەر بەرهەمە بیانییەکان، ئەوا بەرهەمە خۆماڵییەکان باشتر دەفرۆشرێت، هەرچەندە ئەمە چارەسەر نییە، چونکە بەرووبوومەکان زیاترن لە خواست".

رەجەب عەزیز گوتیشی: "لە وەرزی ئێستا، تەماتە و پەتاتە و ئارو و پیاز، ئەوانە زۆر زیادەیە و دەتوانین بە بێ هیچ کەموکوڕییەک بەشی هەموو عێراقی لێ بدەین، بەڵام ئەوەش تەنها بۆ ئە مانگەی وایە و دواتر گۆڕانکاری بەسەردا دێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی عەلوە پێی وایە ئەو بەرووبوومە خۆماڵییە تەنها لە وەرزی هاوین هەیە و دواتر بەروبوومە بیانییەکان هاوردە دەکرێن و ئەوانیش نرخیان زۆر زیاترە لە نرخی بەرووبوومی خۆماڵی.

خاوەنی نووسینگەی قەرەچووغ، کە شوێنی فرۆشتنی بە کۆمەڵی سەوز و میوەیە ئاماژە بەوە دەکات کە شاری بەغدا زۆرترین رێژەی بەردەکەوێت کە رۆژانە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت.

خاوەن نووسینگەی قەرەچووغ، ئەکرەم مەولوود، بە ئاژانسی ئانادۆڵی گوتووە: "رۆژانە بەشێکی زۆر سەوزە و میوە رەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت و لەو رێژەیەش بەشی هەرە زۆر بۆ شاری بەغدا دەچێت، تەنها بابەتی تەماتە، رۆژانە 20 تۆن لە نووسینگەکەی ئێمەوە رەوانەی دەکرێت و بەم پێیەش تەنها بۆ شاری بەغدا، رۆژانە 500 تۆن سەوزە و میوە رەوانە دەکرێت".

خاوەنی ئەو نووسینگەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە رەوانەکردنی ئەو بەرووبوومە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی مانگی 10و دواتر وەرزێکی نوێ دەست پێدەکات و بەمەش هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەم ساخکردنەوەیە تایبەتە بە بەرووبوومی وەرزیی، چونکە لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی ئەو بەرهەمانە رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، بەڵام لە کۆتایی مانگی 10 ئیتر بەرووبوومە خۆماڵییەکان نامینێنن و دەبێت بەرهەمی کشتوکاڵی لە دەرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەین".

ساڵی رابردوو، بە مەبەستی زیادکردنی داهات و پشتگیریکردن لە جووتیاران بۆ چاندنی بەرووبوومە خۆماڵییەکان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، باج و رسوماتی لەسەر ئەو بەرووبوومانە زیادکرد کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەم پێیەش ئێستا کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان چووەتە ناو هەنگاوێکی تازەوە کە رۆژانە دەتوانێت تەواوی پێداویستیی شارەکانی عێراق دابین بکات.