150 مێگاوات كارەبای دیكە لە ھەرێمی كوردستان زیاد دەكرێت

.

K24 - ھەولێر

وەزیری كارەبای ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەم مانگەدا بەرهەمهێنانی كارەبایان زیادكردووە، لە هەفتەی داهاتووشدا 150 مێگاوات كارەبای دیكە زیاد دەكەن.

وەزارەتی كارەبا لە زاری ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا بڵاویكردەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر كارەبا توانیویانە پارێزگاریی لەپێدانی 16 كاتژمێر كارەبا بكەن، ئەمەش بە پشت بەستن بە بەردانەوەی 275 مەتری سێجا لە چركەیەكدا لە هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوی دوكان لە 120 مێگاوات كارەباوە بۆ 200 مێگاوات زیادیكردوو لە دەربەندیخانیش لە 70 مێگاوات كارەباوە بۆ 90 مێگاوات كارەبا زیادبوو، بڕیاریشە لە ھەفتەی داهاتوودا لە وێستگەی خەبات 150 مێگاواتی دیكەی كارەبای دیكە زیاد بكەین.

وەزیری كارەبا راشیگەیاندووە "ئەگەر بەروارد بکەین لەنێوان مانگی ٦ی ساڵی رابردوو، مانگی 6ی ئەمساڵ باشتر بووە، تێکڕای پێدانی کارەبا لە مانگی 6ی ئەمسڵـدا بۆ تەواوی کوردستان 16 کاتژمێر و 28 خولەک بووە ، ئێستاش 400 تا 500 مێگاواتی دیكە زیادبووە لە مانگی 6 و خواستی خەڵکیش زیاد بووە، بۆیە پێدەچێ پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان لە 17 کاتژمێر کەمتر نەبێت".