پەرلەمانی عێراق پلانێكی ساختەكاری بۆ ھەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

"ھەوڵ بۆ لەكارخستنی ئامێرە ئەلكترۆنییەكان دەدرێت"

K24 - ھەولێر

پەرلەمانی عێراق پلانێك بۆ لەكارخستنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان ئاشكرا دەكات.

لە راگەیەندراوێكدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكرد: "بەگوێرەی زانیاری دروستی ھەواڵگری، ھەندێك لایەنی سیاسی ھەوڵ بۆ لەكارخستنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی جیاكردنەوەی دەنگەكان دەدەن، كە ئامانج لێی ساختەكاریكردنە لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە: "ئەو لایەنانەی ئەم ھەوڵە دەدەن، لە ھەڵبژاردنەكانی رابردووشدا لە رێگەی بەدەست جیكاردنەوەی دەنگەكان توانییان ساختەكاری لە ئەنجامەكاندا بكەن".

ھاوكات ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی، داوایەكی فەرمی بۆ دادگای فیدڕاڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە رێگەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بەرزكردووەتەوە.

پێشتریش ئیسماعیل خورماڵی، بڕیاریدەری ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاندبوو، ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی عێراق ئاسانە و دەتواندرێت بە چەند كۆدێك گۆڕانكاری لە ھەموو ئەنجامەكان بكرێت و دەنگەكان لە بەرژەوەندی لایەنێك ھەژمار بكرێن.

ھ.م