"ئێران ده‌ست له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵنه‌گرێ جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێ"

ئه‌وروپییه‌كان ئێران له‌ به‌رپابوونی جەنگ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوای کشانەوەی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران، وڵاتانی ئەوروپا هەوڵدەدەن رێگە لە جەنگێکی چاوەڕوانکراو بگرن و هاوسەنگی لە ناوچەکە درووست بکەن.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لە راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، ئێران ئێستا دوو بژاردەی هەیە. یەکەمییان ئەوەیە گوێ بۆ پایتەختەکانی ئەوروپا شل بکات و لە رێککەوتنامەکە بمێنێتەوە. دووه‌مییان ئەوەیە، لە رێککەوتنامەکە بێتەدەرەوە و بەرەیەکی نوێ دژ بە ئەمەریکا و ئیسرائیل دروست بکات.

ئەو رۆژنامەیە ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەوروپا لە ئێران نیگەرانە چونکە نەیتوانی رێککەوتنامەکە بەکاربهێنێت بۆ باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا، بەڵکو تاران رێکكەوتنەکەی وەک ده‌رفه‌تێك بۆ زیاتر دوژمنایەتیكردنی چەند هێزێکی دیاریکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکارهێنا.

دوای کشانەوەی ئەمەریکا، ئێران چەند جارێک هەڕەشەی کشانەوەی لە رێککەوتنامەکە کردووە، لەو بارەشه‌وه‌ چەند سەرچاوەیەکی فەرەنسی، وەڵامی پاریسیان لەمەڕ هەڕەشەکانی تاران بۆ رۆژنامەی شەرقولئه‌وسه‌ت ئاشکرا کردووە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوە فەرەنسیانە، پاریس بە تارانی گوتووە، "ئێستا تاران ئەو پێگەیەی نییە کە بتوانێت هۆشداریی بدات، بەڵکو دەبێت پشتگیری ئەوروپا بکات تاکو بتوانن یارمەتی بدەن".

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەنگێلا مێرکڵ، روێژکاری ئەڵمانیا، لە میانی دیداری لەگەڵ شا عەبدوڵا، پاشای ئوردن، لەبارەی پەلکێشییه‌كانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گووتی:" توندڕەویی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەک تەنها دەبێت قسەی لەسەربکرێت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەری بە پەلە هەیە".

ئیسرائیل هەوڵدەدات ئێران بەرەو جەنگ، یاخود سزای زیاتر ببات، ترەمپیش هەم کشایەوە و هەم هەڕەشەش لە هاوپەیمانەکانی دەکات، کاری بازرگانی لەگەڵ ئەو کۆمارە ئیسلامییە بوەستێنن. ئەمەش تارانی خستۆتە دوو ریانێکەوە، یان بە مەرجەکانی ئەوروپا رازی دەبێت و هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کەمدەکاتەوە، یاخود رووبەرووی هەڕەشە و سزای زیاتری ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێتەوە.