حه‌مه‌ هاشم کێشە قوڵەکانی تاکی کورد ده‌باته‌ ئه‌ڵمانیا

پێشانگایه‌كی تایبه‌تی له‌ شاری بیلیفێڵد بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك كردووه‌ته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

ھونەرمەندی کورد«حەمە ھاشم» پیشانگایەکی تایبەتی بۆ کارە ھونەرییەکانی لەشاری بێلیفێڵدی ئەڵمانیاکردەوە و ٣٠ تابلۆی قەبارە ٧٠سم بە ٣٣ سم نمایشکرد و سەرجەم کارەکانی لەسەرشێوازی ئەبستراکتی دەربڕینخوازی ئەنجام دابوو.

پیشانگایكه‌ بە ھاوکاری (سەنتەری لالش) لە ھۆڵی (لالش زێنتروم) نمایشکراوه‌ و لە رۆژی ١٨/٤/٢٠١٨ کراوەتەوەو چەند رۆژێک بەردەوام دەبێ.

پێشانگاكه‌ بەسپۆنسەری (گروپی ھونەری و کلتوری بووژان) ئەنجامدراوە، له‌باره‌ی پێشانگاكه‌وه‌ (حه‌مه‌ هاشم) به‌ ماڵپه‌ڕی كوردستان 24 گووت: "كاره‌كانم دەربڕینه‌ له‌ کێشە قوڵەکانی مرۆڤ، بەتایبەت تاکی کورد، کە بە ھۆی شەڕ و ئاشوبی زۆرەوە دوچاری شپرزەیی دەرونی و لە دەستدانی ھیوایەکانێتی بۆ ژیان ، ھەروەھا ئاڵۆزبوونی بیرو بۆچونەکانی لەسەر مرۆڤ بوونی خۆی بووه‌، کە ئەمەش ئاکامی ھەستکردنێکی پەنھان بە تەنھایی و بێکەسی، بەتایبەت لە پرسە گرنگەکانی وەک ھێرش و تۆقاندن و رفاندنی کوردانی ئێزیدی و لە دەستدانی سنور و راوەدونان و نەھامەتیە یەک لەدوایی یەکەکانی ئەومرۆڤانه‌ی، کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر جەستەی ھەڵکۆڵراوە".

هه‌روه‌ها ده‌ڵیت: " بۆیە ھەوڵمداوە لە رێگای فیگەرە تەنھاکانیەوە ئەوە دووباره پێشان بده‌مه‌وه‌ە و پەیامێکیش بده‌م بە دوونیا، جگە لەمەش لە تابلۆکانمدا خواستی نمایشی جوانبەخشی و ئیستاتیکیشم فەرامۆش نەکردووه‌.