تره‌مپ: خه‌رجكردنی پاره‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كارێكی شێتانه‌یه‌

"ئەو پارەیە لە دروستکردنی پرد و رێگاوبانەکانی ئەمریکا خەرج دەکەم"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/9c156aad-4380-448d-8755-7604024fa507/021218VBP.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند لە ماوەی ساڵانی رابردوودا تا دوو مانگ لەمەوبەر، ئەمریکا حەوت تریلیۆن دۆلاری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرجکردووە.

سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئەو ھەڵەیە دووبارەناکاتەوە و بۆ لەمەودا ئەو پارەیە لە ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەیدا خەرج دەکات. 

تره‌مپ گوتی: "تا دوو مانگ لەمەوبەر 7 تريلیۆن دۆلارمان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەرج کردووە, حەوت تريلیۆن دۆلار. ئەمە چ ھەڵەیەکە. واتە لە چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا 7 تريلیۆن دۆلار لەو ناوچەیە خەرج کردووە کەچی ئێستا بارودۆخی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەبەراورد بە 17 ساڵی رابردوو زۆر خراپترە".

گوتیشی: "من ئەو شته‌ ناھێڵم و ئەو پارەیە لە دروستکردنی پرد و رێگاوبانەکانی ئەمریکا خەرج دەکەم کە خەریکە دەرووخێن. ئەمە شتێکی زۆر خراپە کردوویانە و کارێکی شێتانەیە. ھەموو بیانووشیان سوپای ئەمریکا بووە. بەڵام نەیانتوانیوە وەک پێویست سوپا بەھێز بکەن".

تره‌مپ جه‌ختی له‌سه‌ر به‌هێزتركردنی سوپای وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، سوپای ئەمریکا زۆر زیاتر لە جاران بەھێزتر و مۆدێرنتر دەکەنەوە و پەرە بە چەکی ئەتۆم دەدەن, چونکە وڵاتانی دیکە پەرە بە چەکی ئەتۆم دەدەن.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئەگەر ئەوان پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم راگرن منیش لە ماوەی دوو خوولەکدا رایدەگرم. بەڵام ھەتاوەکو ئەوان بەردەوام بن ئێمەش بەردەوام دەبین و وەک ھەمووکات زرۆ لەپێش ئەوانەوە دەبین".