هەسەدە چووە نێو گەڕەکی شەحادە

شەڕڤانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات چەند ناوچەیەكی ستراتیجی كۆنترۆڵ دەكەن

K24 - ھەولێر

پێشڕەوییەکانی شەڕڤانانی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) بەردەوامە، لە دوای شەڕێکی سێ رۆژە، هەسەدە چووە نێو گەڕەکی شەحادە لە باشووری رەققە و توانی رێگەی سەرەکی پردی نوێش کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەو پێگانەی لەلایەن هەسەدەوە کۆنتڕۆڵکراون، باڵاخانەی بەرز و ستراتیجین و ئامانجی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات کە یەپەگە سەرکردایەتی دەکات، گەمارۆدانی چەکدارانی داعشە لە رەققە.

رۆژی 6 حوزەیرانی2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی رەققە دەستیپێكرد، ھێزەكانی سووریای دیموكرات تا ئێستا ژمارەیەك ناوچە و گەڕەكەكانی شارەكەیان كۆنترۆڵكردووەتەوە و لە ھەرسێ قۆڵی باكوور و رۆژھەڵات و رۆژئاوا، لە پێشڕەویدان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی رەققە.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی ناوچەكانی سنووری رەققە رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سێ قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكە، ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققەیان كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر. دواتر لە 21 ئاداری 2017 ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی شارۆچكەی تەبقە لە رۆژئاوای شاری تەبقە دەستیپێكرد و رۆژی 11 ئایاری 2017 تەبقە لەلایەن ھێزەكانی سووریای دیموكراتیك كۆنترۆڵكرایەوە.