به‌غدا تەنیا له‌ پترۆدۆلار زیاتر لە 2 ترلیۆن دینار قەرزاری كه‌ركووكه‌

پاره‌ی سێ ساڵی مووچه‌ی به‌سرا ته‌نها بای 5 رۆژ فرۆشتنی نه‌وتی پارێزگاكه‌یه‌
kurdistan24.net

K24 - كه‌ركووك:

کەرکووک و بەسڕه‌, دووشاری بەرھەمھێنی نەوت کە گرەنتی ژیانی ئابووری ھەموو عێراق دەکەن, بەڵام حکوومەتی بەغدا فەرامۆشیکردوون.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا حکوومەتی عێراق تەنیا پارەی 5 رۆژی فرۆشتنی نەوتی بەسڕای بۆ مووچە و خەرجییەکانی ئەو پارێزگایە ناردووە, بۆ کەرکووکیش تەنیا پارەی  20 رۆژی فرۆشتنی نەوتی شارەکەی ناردووە.

بەسڕا و کەرکووک, دووشاری نەوتین, کە گرەنتی ژیانی ئابووری عێراق دەکەن, لە زوڵم و بێبەشکردنیان لە داھاتەکەی ھاووڵاتیيانی ھەردووشارەکەش لێکدەچن, بەرھەمی رۆژانەی نەوتی بەسڕا زیاتر لە ٣ملیۆن و نیو بەرمیلە, کە داھاتەکەی لە رۆژێکدا دەکاتە زیاتر لە 260 ملیۆن دۆلار, بڕی ئەو پارەی کە حکوومەتی عێراق وەک شایستەی مووچە و خەرجییەکانی ھەرسێ ساڵی 2015 و 2016 و 2017 بۆ بەسڕای ناردووە پارەی تەنھا 5 رۆژی فرۆشتنی نەوتی شارەکەیە.

کەرکوکیش وەک شارێکی نەوتی, دانیشتوانەکەی دەڵێن, خێریان لە داھاتەکەی نەبینیوە, لێرە زۆرترین یەدەگی نەوتی ھەیە کە بە 35 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت, بەرھەمی رۆژانەشی زیاتر لە 500 ھەزار بەرمیلە , لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 ەوە بەغدا بوودجەی لە کەرکووک بڕیوە و تەنیا پارەی پترۆدۆلار زیاتر لە 2 ترلیۆن دینار قەرزاری شارەکەیە .