پۆليس: بكوژه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆكارى كوشتنى دايك و باوك و دوو براكه‌ى ئاشكرا كردووه‌

لە خەودا دایک و براکانی دەکوژێت

K24 – هه‌ولێر:

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، رائید بەرزان عوسمان لە میانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا کە په‌يامنێرى كوردستان24 تێيدا ئاماده‌بوو، وردەکاریی كوژران دايك و باوكێك و دوو كوڕه‌كه‌يانى به‌ ده‌ستى كوڕێكى ديكه‌يان ئاشكرا كرد.

به‌رزان عوسمان گوتی: "شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی ئەم مانگە گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ ھەستاوە بە کوشتنی دایک و باوک و دوو برای، ئەمەش دوای ئەوەی لە ماڵی خۆیان تاوانەکە ئەنجام دەدات و لە خەودا دایک و براکانی دەکوژێت، پاش گەڕانەوەی باوکیشی بۆ ماڵەوە ئەویش دەکوژێت و دواتریش تەرمەکانیان بە ئۆتۆمبێلەکەی باوکی دەگوازێتەوە بۆ دەرەوەی شار".

گوتيشى: "تەرمی باوک و براکەی لە چیای شنروێ (رۆژھەڵاتی ھەڵەبجە) و لەژێر قەمتەرەی جادەی شاخەکەدا دایان دەنێت و تەرمی دایک و برا بچووکەکەشی دەباتە چەمی کانی گوێز و تەرمەکان لەوێ فڕێدەدات".

هه‌روه‌ها گوتیشی: "پاش ئەوەی شەوی رابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە و ئاسایشی شارەکە لە تاوانەکە ئاگادار کرانەوە، دەستبەجێ تیمی ھاوبەش پێکھێنرا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەفسەرەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و ئاسایش و دوای گەڕان و پشکنین توانرا تەرمەکان بدۆزرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ پزیشکی دادوەری و دوای پشکنین بدرێنەوە بە کەسوکاریان و ھەر دوێنێ شەو تۆمەتباری رووداوەکە دەستگیر کرا".

گوتەبێژی پۆلیسی ھەڵەبجە گوتيشی: "تۆمەتبارەکە کوڕی ماڵەکەیە و تەمەنی ١٨ ساڵە و پیشەی قوتابييە و دوای دەستگیرکردنی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە".

سه‌باره‌ت به‌ ناسنامه‌ى كوژراوه‌كان گوته‌بێژى پۆليس رايگه‌ياند، کوژراوەکانیش ئه‌مانه‌ن: مدریک شەفیق باوکییەتی تەمەنی ٤١ ساڵە. سروە ئیبراھیم دایکیه‌تی و تەمەنی ٣٧ ساڵە. ھاوکار مدریک شەفیق کە برا گەورەیەتی تەمەنی ٢٠ ساڵە. کۆیار مودریک شەفیق کە برا بچووکیيەتی تەمەنی ٧ ساڵە".

بەرزان عوسمان زیاتر گوتی: "تاوانەکە بە چەکی کڵاشینکۆف ئەنجام دراوە. گواستنەوەی تەرمەکانیش بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان ئەنجام دراوە. کوڕەکەش ھیچ نەخۆشییەکی دەروونی نییە و پاڵنەری کوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەشی بۆ ئێرەیی بردن بە برایەکی گەڕاندووەتەوە کە گوایە خێزانەکەی ئەویان خۆشترویستووە".

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە رەتیشیکردەوە کە ھیچ کەسێک ھاوکاریی تۆمەتبارەکەی کردبێت لە کوشتنی ئەندامانی خێزانەکەی و گوتی: "دەمانەوێت ئەوە روون بکەینەوە کە ئەم تاوانە تاوانێکی تاکە کەسییە و ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبوونەتەوە کە کەسێک یارمەتی داوە یان کەسێکی تر کوشتبنی دوورن لە راستیەوە و ئێمەش وەکو ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس نیگەرانین لەو تاوانەی روویداوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە توانیومانە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایش بکوژەکە دەستگیر بکەین و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دادوەری لێکۆڵینەوە دان پێدانانەکەی وەرگرتووە و رێككارى یاسایی تەواو بووە".