سوپای ئه‌ڵمانیا پێشبینی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
نووسه‌رێكی رووسی، به‌ناوی سێرگی مانۆكۆڤ، له وتارێكدا، كه له وێبسایتی "ئێكسپێرت ئۆنلاین" بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئاماژه به توێژینه‌وه‌یه‌كی راوێژكارانی سوپای ئه‌ڵمانیا "بۆندسفێر" ده‌كات، كه پێشبینی كردووه ئه‌وروپا له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی داهاتوودا، هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه به‌وه ده‌كات، راوێژكارانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیا، له توێژینه‌وه‌یه‌كی نهێنیدا، به ناوی "تێڕوانینی ستراتیژیی-2040"، پێشبینییان كردووه له‌گه‌ڵ هاتنی ساڵی 2040 یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
نووسه‌ره‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات، رۆڵی پێشه‌نگی ئه‌ڵمانیا له رووی ئابووری ئه‌وروپا، وایكردووه نه‌توانرێت تێڕوانینی به‌رلین پشتگوێ بخرێت و به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت كه بۆ ئه‌وروپییه‌كان گرنگه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ش له گۆڤاری "دێر شپیگل"ی ئه‌ڵمانیا، مژده‌ی باشی له باره‌ی داهاتووی ئه‌و یه‌كێتییه پێ نییه.
به‌ڵگه‌نامه‌ی "تێروانینی ستراتیژی – 2040" شه‌ش سیناریۆی تاریكی بۆ گۆڕانكاری و رووداوه‌كانی داهاتووی ئه‌وروپا پێشبینی كردووه، كه نووسه‌ره رووسییه‌كه، ته‌نها باسی چوار له‌و سیناریۆیانه ده‌كات.
یه‌كه‌م سیناریۆش، ره‌شبینی ته‌واوی راوێژكارانی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌ڵمانیای پێوه‌دیاره، كه ده‌ڵێت: "یه‌كێتی ئه‌وروپا داده‌ڕمێت و ئه‌ڵمانیا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت و ده‌بێته سیسته‌می ده‌ستێوه‌ردانی خێرا و چالاك".
سیناریۆی دووه‌م به "رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا" ناونراوه و پێشبینی چوونه ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات ده‌كات، كه دواتر یه‌كێتییه‌كه‌ی دیكه پێكده‌هێنن، به‌ناوی "یه‌كێتی رۆژهه‌ڵات".
سیناریۆی سێیه‌میش به "فره‌جه‌مسه‌ر" ناونراوه، كه پێشبینی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندوتیژی ده‌كات، له‌و رێگه‌یه‌ش ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر فراوانبوونی هه‌ژموونی رووسیا لاواز ده‌بێت.
له سیناریۆكه‌دا، پێشبینی كراوه، سیسته‌می وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌گۆڕێت بۆ سیسته‌می "ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری" و كۆتایی به جیهانگیری دێت.
وه‌ك نووسه‌ره رووسییه‌كه باسی كردووه، سیناریۆی چواره‌م، گه‌شبینترینیانه، به‌ڵام به‌لای كه‌مه‌وه ده‌بێت ئه‌وروپییه‌كان ئه‌و ژیانه سه‌قامگیره‌ی شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن، له بیر بكه‌ن.
مانۆكۆڤ له نووسینه‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات، پاساوی ئه‌وروپییه‌كان بۆ ئه‌و ره‌شبینییه‌ی له باره‌ی چاره‌نووسیی یه‌كێتییه‌كه‌یان هه‌یانه، له پاساوه‌كانی گه‌شبینی، زۆر زیاتره.
نووسه‌ره رووسییه‌كه له كۆتاییدا، ئاماژه به كاریگه‌رییه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌كات له‌سه‌ر رووسیا و ده‌ڵێت: "بۆ رووسیا هیچ شتێك ناگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه، رووسیا زۆر به ئاسانتر ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ته‌واوی وڵاتانی ئه‌وروپا بنیات بنێت، له چاو ئه‌و شێوه كلاسیكییه‌كه‌ی كه پێشتر بۆ ئه‌و كاره په‌یڕه‌و كراوه".
سه‌رچاوه: RT