ئه‌سه‌د شوێنی پشوودانی منداڵه‌كانی ئاشكرا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، به شاندێكی په‌رله‌مانتارانی رووسیای گوتووه، ساڵی رابردوو منداڵه‌كانم بۆ پشوودان چوونه‌ته سه‌ربازگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی منداڵان "ئاڕتیك" له نیمچه دوورگه‌ی كریمیا.
ئه‌ندامانی شانده په‌رله‌مانییه‌كه‌ی رووسیا كه به‌مدواییانه بۆ دیداری ئه‌سه‌د چوبوونه دیمه‌شق ده‌ڵێن: "به‌شار ئه‌سه‌د گوتوویه‌تی، منداڵه‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی باش له زمانی رووسی و رووسیا تێده‌گه‌ن وهۆكاره‌كه‌یشی به‌هۆی ئه‌و پشووه‌ی كریمیاوه بووه".
"ئارتیك" سه‌ربازگه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی منداڵانه و ساڵی 1925 درووستكراوه، ده‌كه‌وێته گوندی گرۆزۆڤ له كه‌ناراوی باشووری نیمچه دوورگه‌ی كریمیا.
سه‌ربازگه منداڵانه‌كه ناو و ناوبانگێكی زۆری هه‌بوو له سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤییه‌تی جاران، به لانه‌ی پێگه‌یاندنی منداڵانی پێشه‌نگ له سۆڤییه‌ت داده‌نرا. له‌وێ چاودێری چالاكی منداڵه‌كان و رێكخستن و فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنیان ده‌كرا.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیای رووسی، ئێستا ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی رووسیا بایه‌خێكی زۆر به‌و سه‌ربازگه‌یه ده‌دات، له رووی په‌یكه‌ربه‌ندی و ژماره‌یه‌ك كار و پرۆژه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه و پێشخستنه‌وه خزمه‌تی كردووه و خودی خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات. ساڵانه‌ش ده‌یان هه‌زار له منداڵی رووسی و بیانی ده‌چنه ئه‌و شوێنه.