نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی 7 ساڵی رابردووی بەرزدەبێتەوە

بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ

K24 - ھەولێر

نرخی زێڕ لە کۆتا مامەڵەکانی هەفتەدا بە رێژەی زیاتر 1% بەرزبووەوە، کە لە ساڵی 2012ـەوە هاوشێوەی نەبووە، هۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و پەکین.

نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.7 بۆ 1741 دۆلار 65 سەنت بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.

بە شێوەیەکی گشتی نرخی ئەو کانزا زەردە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا بە رێژەی لە 2% بەرزبووەتەوە، گرێبەستە داهاتووەکانیشی بە رێژەی لە 0.9% بۆ 1756 دۆلار و 30 سەنت بەرزبووەتەوە.

ئەوەش مەترسییەکانی بەر زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان زیادکردووە، بە تایبەت دوای ئەوە داتاکانی تاک فرۆشی ئەمریکا بڵاوکرایەوە، کە داکەوتنی پێوانەیی بۆ دووەم مانگ لەسەر یەک تۆمارکرد.

هاوکات سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکان لە نێوان ئەمریکا و چین بە تایبەت لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابووری ئەمریکا هۆکار بەرزبوونەوەی ئەو کانزایە بە نرخەن.