ئه‌مه‌ریكا: تا هه‌موو ئامانجه‌كانمان نه‌پێكین سووریا جێناهێڵین
K24- هه‌ولێر:
نیكی هێلی، باڵیۆزی هه‌میشه‌یی ئه‌مه‌ریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی هێزه‌كانی له سووریا ناكشێنێته‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو ئامانجه‌كانیان له‌و وڵاته ده‌پێكێن.
له لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مه‌ریكی، هێلی ئاماژه‌ی به سێ ئامانجی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا كرد، كه بریتین له گرێنتی به‌كارنه‌هێنانی چه‌كی كیمیایی به هیچ شێوه‌یه‌ك، له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی رێكخراوی داعش و دامه‌زراندنی خاڵێكی چاودێری به‌هێز بۆ چاودێریكردنی ره‌فتاره‌كانی ئێران له ناوچه‌كه.
هه‌روه‌ها هێلی گوتی: "ئامانجی ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه هێزه‌كانمان بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكشێینه‌وه، تائه‌و كاته‌ی له پێكاندنی ئه‌و سێ ئامانجه‌مان دڵنیا نه‌بینه‌وه".
به‌ر له كیمیابارانه‌كه‌ی سه‌ر شاری دۆما له غووته‌ی رۆژهه‌ڵات، له‌لایه‌ن رژێمی سووریاوه، كه دوا جار هێرشێكی سێ قۆڵی له‌لایه‌ن واشنتۆن، پاریس و له‌نده‌نه‌وه بۆ سه‌ر رژێمی دیمه‌شق به‌دوای خۆیدا هێنا، چه‌ندین جار دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، له‌كاتێكی نزیكدا هێزه‌كانیان له سووریا ده‌كشێننه‌وه.
H.B