ساتی ده‌رهێنانی ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ی كه‌ له‌ گه‌رمیان كه‌وتنه‌ ژێر ناعووری ئاو

ئه‌و كه‌سه‌ی یه‌كه‌مجار گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر رووداوه‌كه‌ بۆ كوردستان 24 ده‌دوێت
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

سێ هاووڵاتی له‌ كاتی هه‌ڵكه‌ندنی چاڵێك بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئاوی ژێر زه‌ویی لە قه‌دپاڵی شاخێكدا، خاكەكە هه‌ره‌س ده‌هێنێت و به‌سه‌ریاندا ده‌ڕووخێت، دوای هه‌شت كاتژمێر له‌ هه‌وڵ و كاركردنی هاووڵاتییان، توانرا ته‌رمی ئه‌و سێ هاووڵاتییه‌ له‌ ژێر به‌رد و خۆڵی شاخه‌ رووخاوه‌كەدا ده‌ربهێنن.

كوردستان 24 له‌ ساتی دەرهێنانی تەرمی سێ هاووڵاتییه‌كه‌ی گوندی حه‌ساری سەر بە شارەدێی مه‌یدانه‌ له‌ سنووری گه‌رمیان ئاماده‌بوو.

ئەم هاووڵاتیانەی کە لە نێو ئەم چاڵەدا گیانیان لەدەستداوە، بە مەبەستی ئاودێری چاڵه‌كه‌یان هه‌ڵكه‌ندووه‌، لە کاتی كاركردنیاندا بەشێک لەم شاخەی تەنیشت چاڵەکە هەرەسیهێناوه‌ و به‌سه‌ریاندا ڕووخاوه‌.

دوای زیاتر لە هەشت کاتژمێر کارکردن، دانیشتووانی ناوچەکە توانیان ئه‌و سێ ته‌رمه‌ لە ژێر خۆڵ و به‌رد دەربێنن.

پۆلیس دەڵێت بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ئەندازەیی ئەم چاڵەیان هەڵنەکەندووە، بۆیە بەشێکی شاخه‌كه‌ هەرەسیهێناوە و ئەم کارەساتەی لێکەتووەتەوە.

بەهۆی ئەم وشکەساڵيیەی له‌ ئه‌نجامی کەمی باران بارین و بڕینی ئەو سەرچاوە ئاویانەی لە ئێرانەوە دەرژانە خاکی کوردستان ناوچەکەی گرتووه‌ته‌وه‌، دانیشتوانی گوندەکانی ئه‌م سنووره‌ پەنا دەبەنە بەر هه‌ڵكه‌ندنی بیر یاخود چاڵی گەورە بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئاوی ژێر زەوی یان گلدانه‌وه‌ی ئاو بۆ ئاودێری كشتووكاڵ و ئاژەڵەکانیان.

ئ. م