عه‌بادی له تارانه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، له ریازی پایته‌ختی سعوودیه‌وه به‌ره‌و تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران رۆیشت، له كاتێكدا له پلانی سه‌ردانه‌كانیدا تاران نه‌خرابووه به‌رنامه‌ی كاره‌وه.
حسێن جابری ئه‌نساریی، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ویفاقی ئێرانیی گوتوویه‌تی" پێشتر ئه‌و سه‌ردانه پلانی بۆ دانه‌ڕێژرابوو، به گوێره‌ی پێویستییه‌كانی قۆناغه‌كه له ناكاو بووه، ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقه بۆ ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی ناوچه‌كه و ئاساییه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و هه‌ماهه‌نگییان له‌سه‌ر پێشڤه‌چوونه‌كانی ناوچه‌كه و عێراق گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی" باسی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان و دوایین ره‌وشی جه‌نگی تیرۆر و قۆناغی پاش كۆتاییهاتنی داعش ده‌كرێت".
هه‌ر له هه‌مان چوارچێوه‌دا، ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له به‌غدا رایگه‌یاندووه" سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ تاران بۆ باسكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئیرانه به تایبه‌تی له بواری ئابووری و قۆناغی نوێ‌دا، چونكه عێراق یه‌كیكه له وڵاته گرنگه‌كانی ناوچه‌كه له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و جه‌نگی دژی تیرۆردا".
به‌ڵام چوونی عه‌بادی بۆ تاران له‌م بارودۆخه‌ی ئێستای وڵاتانی كه‌نداودا، وه‌ك به‌شێك له هه‌وڵه‌كانی نێوه‌ندگیریی دێته هه‌ژماردن، به تایبه‌تی ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی قه‌ته‌ریان به هاوكاریكردنی ئێران و تیرۆر له قه‌ڵه‌مداوه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته پچڕاندووه.