سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ترەمپ دەکات

ترەمپ بەرزاییەکانی جولان بە خاکی ئیسرائیل دەزانێت

K24 – هه‌ولێر:

تویتێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە بارەی بەرزاییەکانی جولان، کە ناوچەیەکی کێشە لەسەری نێوان ئیسرائیل و سووریایە، دەنگدانەوەی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

دوێنێ پێنجشەممە 21/03/2019، ترەمپ لە تویتێکدا نووسی: "دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمەریکا ددان بە سەروەریی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جولاندا بنێت، کە گرنگی زۆری ستراتیژی و ئەمنیی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و ناوچەکە هەیە".

لە ساڵی 1967 و لە شەش رۆژ جەنگدا، ئیسرائیل دەستی بەسەر بەرزاییەکانی جولاندا گرت و دەسەڵاتی سووریای لەو ناوچەیە نەهێشت، بەڵام ئەو ناوچەیە هەر بە ناوچەیەکی جێناکۆک لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەماشا دەکرێت.

لە وەڵامی ترەمپدا، بێنیامین نەتانیاهو ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لە کاتێکدا ئێران دەیەوێت خاکی سووریا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنێت، سەرۆک ترەمپ ددان بە سەروەریی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جولاندا دەنێت، سوپاس سەرۆک ترەمپ".

دووەم جارە دۆناڵد ترەمپ هەنگاوی جیاواز لە بارەی ئیسرائیل دەنێت، پێشتریش باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە تەل ئەبیبەوە بۆ ئۆرشەلیم گواستەوە.

هەر لەبارەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، بەرپرسانی یەکێتیی ئەوڕوپا هاتنە دەنگ و رایانگەیاند: "یەکێتیی ئەوڕوپا هیچ نیازێکی نییە بەرزاییەکانی جولان بە خاکی ئیسرائیل بناسێنێت و هەڵوێستی بە نەگۆڕیی دەمێنێتەوە".

H.J