سرووە عەبدولواحید بەرپرسانی گۆڕان توڕە دەكات
K24 - سلێمانی
لهسهر خۆكاندیدكردنی سهرۆكی فراكسیۆنی بزووتنهوهی گۆڕان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق لهسهر لیستهكهی عهبادی بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ههرچهنده هێشتا بزووتنهكه ههڵوێستی خۆی بڵاونهكردووتههوه، بهڵام رهخنهی هاوڵاتیان تۆڕه كۆمهڵایهتییهكانی تهنیوه، پەرلەمانتارێكی گۆڕانیش دەڵێت "ئەگەر ئیجرائات لەگەڵ سرووە عەبدولواحید نەكرێت، ئەوا سیاسەتی گۆڕانیش بانێكە و دوو ھەوایە".
عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "كارێكی نەكردەیە، تۆ سەرۆكی فراكسیۆنێك بیت و كاندیدی لایەنێكی نەیار بە خەڵكی كوردستان بیت، بەتایبەتی ئێستا لەم بارودۆخە، كە عەبادی یاری بە پیرۆزی و خواستەكانی خەڵكی كوردستان دەكات".
گوتیشی: "ئەگەر ئیجرائات لەگەڵ سرووە عەبدولواحید نەكرێت، وەك ئەوەی كە بەرامبەر رابوون مەعروف كرا كە من لەگەڵی نەبووم، ئەوا سیاسەتی گۆڕان دەبێتە سیاسەتی بانێكە و دوو ھەوا".
ھەرچەندە ھەڵویستی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، بەرامبەر پەرلەمانتارەکەیان ناڕوونە، لەھەمانکاتدا بەشێك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی خۆ کاندیدکردنەوەی پەرلەمانتارەکەیان لەسەر لیستێکی دیکە بە کارێکی ئاسایی دەزانن و دەڵێن گەر سیاسەتی بزووتنەوەکەی بەدڵ نییە، ئەوە دەرگایان بەڕووی کەس دانەخستووە و دەتوانێت بەجێ بھێڵێت.
نەسرەدین مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە كوردستان24 گوت: "لە داھاتوو روون دەبێتەوە سرووە عەبدولواحید باشی كردووە یان خراپ، شتێكی ئەوتۆ نییە تا گۆڕان قسەی فەرمی لەسەری ھەبێت، خۆی ئازادە چی دەكات".
بەپێی ئەو لیستانەی کە حزب و لایەنە سیاسییەکان بڵاویان کردووەتەوە بۆ ههڵبژاردنەكانی عێراق، سرووە عەبدولواحید، سەرۆکی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر لیستی نهسڕ خۆی كاندید كردووه كه حهیدهر عهبادی، سهرۆك وهزیرانی عێراق سهرۆكایهتی دهكات، ئەوەش ناڕەزایەکی زۆری لەشەقامی کوردستان دروستکردووە و زۆرینە پێیان وایە ئەم کارانە دژ بەکوردە نەك خزمەتکردن.
ھەر سەبارەت بە خۆكاندیدكردنی ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لەسەر لسیتی شیعە و سوننەكانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق ھاووڵاتیانی ھەولێر نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن و ھاووڵاتیەك بە كوردستان24 گوت: "ئەوانەی بۆ لیستی عەبادی و مالیكی و ئەوانی دیكەی عێراق ئیش بكەن، ھیچ سوودیان بۆ ئێمە نییە و ئەوانە بۆ گەلی كورد كارناكەن".
ھەروەھا ھاووڵاتییەكی دیكە لە بازاڕی ھەولێر دەڵێت: "ئەوانە نوێنەری ئێمە نین و كورد فرۆشن، بۆیە باشترە ھەر نەگەڕێنەوە كوردستان".
كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاریداوە، لە مانگی ئایاری ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بەڕێوەبچێت.
H.M